بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران ژمارەیەك ژن و منداڵ زیانیان بەرکەوت
دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەكانی ئێران بە دەیان ژن و منداڵ زیانیان بەرکەوت و لەو چوارچێوەیەشدا، ٣٢٠ هاوڵاتیی مەدەنی برینداربوون، كە زۆرینەیان ژن و منداڵن.

ناوەندی هەواڵ
بەرەبەیانی دوێنێ ئیسرائیل لە ڕێگەی دەیان مووشەك و فڕۆکەی جەنگییەوە هێرشی كردە سەر ئێران، پێگە سەربازی و ئەتۆمییەکانی لە سەرتاسەری ئێران کردە ئامانج، لە ئەنجامدا زیاد لە ١٠ بەرپرسی باڵای ئەمنی و سەربازیی و زانای ئەتۆمی ئەو وڵاتە كوژران.
ماڵپەری ڕۆکنا لەبارەی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران ڕایگەیاند، دوێنی ١٣ی حوزەیران، لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر شاری تارانی پایتەختی ئێران ژنێکی گەنجی شاعیر و مامۆستای زمانی ئینگلیزی بە ناوی پەرنیا عەباسی تەمەن ٢٤ ساڵ لەگەڵ سێ لە ئەندامی خێزانەکەی، كە بریتین لە "دایک، باوک و برا" گیانیان لەدەستدا.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەر لەو هێرشەدا دوو ژنی پزیشك مەسعوود شەمس بەخش جێگری وەزیری زانست لە تاران زیانیان بەرکەوت کە یەکێکیان ناوی”زەهرا شەمس بەخشە” کوژراوە و ئەوی دیكەیان بریندار بووە.
هاوكات، ئەمیر سەعید ئیروانی باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە میانی کۆبوونەوەی بە پەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: بەهۆی هێرشەكەی ئیسرائیل بۆسەر وڵاتەكەمان ٧٨ کەس کوژراون و ٣٢٠ هاوڵاتیی مەدەنی دیكەش برینداربوون، كە زۆرینەیان ژن و منداڵن.
هەروەها، بەپێی ماڵپەری هەڵمەتی بەرگری لە زیندانیانی سیاسیی و مەدەنی، هەر ڕۆژی ڕابردوو مامۆستایەکی خانەنشین بە ناوی مەعسوومە شەهنەوازی خەڵکی شارۆچکەی سەبزەواری سەر بە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە بێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کرا و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.