بەهۆی گەرما لە سودان برینداربوون و گیانلەدەستدان تۆمار کرا

ژمارەیەک کەس لە سودان لە ئەنجامی بەرز بوونەوەی پلەی گەرما لە ویلایەتی دەریای سوور گیانیان لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

ویلایەتەکانی سودان ئەمساڵ شایەتی بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرمان، لە زۆربەی ئەو وڵاتانەدا ٥٠ پلەی سەدی تێپەڕاند.

 

 لیژنەی باڵای فریاگوزاری تەندروستی لە ئیدارەی گشتی فریاگوزاری و کۆنترۆڵکردنی پەتاکان لە ویلایەتی دەریای سوور، لە کۆبوونەوەی دوێنێ ١١ی تەمووزدا ڕایگەیاند، ٣١ حاڵەتی جەڵتە بە گەرما لە ویلایەتەکەدا تۆمارکراوە، لەناویاندا چوار گیان لەدەستدان هەبووە.

 

٢٢ حاڵەت لە ناوچەی پۆرتی سودان تۆمارکراوە، لەناویاندا دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان، ٦ حاڵەتیش لە ناوچەی عەقیق تۆمارکراوە کە یەکێکیان گیان لەدەستدانە، هەروەها ناوچەی سواکین سێ حاڵەت تۆمارکراوە، لەناویاندا یەک حاڵەتی گیان لەدەستدان.

 

 شایەنی باسە لەم دواییانەدا زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا شایەتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بێ وێنە بوون کە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی زۆر کەس.