بەهۆى بۆردومانی دەوڵەتی تورکەوە ئاگر لە شارباژێر کەوتووەتەوە

شەوی ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە چڕی گوندی گەڵاڵەیان لە سنوورى شارباژێر بۆردوومان کرد، بەهۆیەوە ئاگرێکى فراوان لە سنوورى گەڵاڵە کەوتوەتەوەو تا ئێستاش ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دەوڵەتی تورک لەگەڵ لەشکرکێشییەکەیدا بۆ باشووری کوردستان، درێژەی بە بۆردومانی بۆ ناوچە جیاوازەکانی باشوور داوەو شەوی ڕابردوو زنجیرەیەک بۆردومانی ئەنجام دا.

 

لەوبارەوە کامەران حەسەن قائیمقامی ماوەت بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز وتوویەتی: بەهۆى بۆردوومانەکەى شەوى ڕابردووەوە ئاگرێکى فراوان لە سنوورى گەڵاڵە کەوتووەتەوە و تا ئێستاش ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە.

 

ئاماژەى بەوەشکرد، بەهۆى کەوتنەوەى ئاگرەکەوە زیانێکى زۆر بە ڕەز و باخى هاوڵاتیانى سنورەکە گەشتووە.

 

ئەوە لەکاتێکدایە لە ١٥ی حوزەیرانەوە، دەولەتی تورک هەزاران سەرباز و سەدان تانكی هێناوەتە سنووری دهۆك و هێرش و داگیركارییەكانی بۆ سەر ناوچە نیشتەجێبوون و گوندەکان زیاتر كردووە، بەڵام حکومەتی هەرێم و عێراق بێدەنگن و هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە.