بەهار مونزیر: لە ماوەی ساڵێکدا ژنان ڕووبەڕووی زۆرترین ئاستەنگی و کوشتن بوونەتەوە
بەهار مونزیر، چالاکوانی ژنان دەڵێت: بەرتەسککردنەوەی کاری ڕێکخراوەکان لە پرسەکانی ژناندا هۆکارە بۆ زیادبوونی کوشتنەکانی ژنان، هەروەها ژنان هەمیشە پێشەنگن لە پرسەکانی ئاشتیدا.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- باشووری کوردستان و عێراق ساڵێکی پڕ لە ڕووداو و گۆڕانکاریی تێپەڕاند، ژنانی باشووری کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا ڕۆڵی کارایان گێڕا و توانیان بەرخۆدان دژی داگیرکاریی و سیستەمی دەسەڵات و عەقڵییەتی پیاوسالاری بکەن بە بنەمای چالاکییە جیاوازەکانیان، هەروەها لە ئێستادا جیهان ڕووبەڕووی قەیران بوەتەوە، باشووری کوردستان و عێراقیش بەدەرنین لەم بابەتە، بەجۆرێک ڕۆژ بە ڕۆژ قەیرانەکان لەسەر کۆمەڵگە و ژنان ڕوو لە زیادبوون دەکات، بەڵام ژنان بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانانە، ئەویش لە ڕێگەی چالاکی و بەرخۆدانەکانیانەوە، کە هەوڵ بۆ هۆشیارکردنەوەی خۆیان و کۆمەڵگە دەدەن.
"ژنان لە ئاشتی و پلاتفۆڕمەکاندا ڕۆڵی کارایان هەبووە"
بەهار مونزیر، چالاکوانی ژنان، باسی لە دەستکەوت و توندوتیژییەکانی ژنان کرد، وتی: لە ماوەی ساڵێکدا ژنان ڕووبەڕووی ئاستەنگی و کوشتنی زۆر بوونەتەوە، هەروەها کاری ڕێکخراوەیەکانیش بەرتەسککراوەتەوە، بۆئەوەی ژنانی چالاکوان نەتوانن کار لەسەر کوشتن و توندوتیژییەکان بکەن، بەڵام بە هەوڵ و ماندوبوونی خۆمان و ڕێکخراوەکان توانیمان کار بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان بکەین، ئەویش بە کۆکردنەوەی تەواوی ئەو پیشێلکاریانەی کە بەرامبەر ژنان دەکرێت، بۆئەوەی بتوانین تاوانباران ڕووبەڕووی یاسا بکەینەوە، هەروەها هەبوونی تۆڕی ٨ی مارس لە ساڵی ٢٠٢٥دا دەستکەوتێکی گرنگبوو بۆ ژنان، کە تواندرا بە پێکەوەیی ژنان کار بۆ ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژییەکانی ژنان بکرێت، ئەمە جگە لەوەی کە توانرا ڕووبەرێک بۆ کارکردن دژ بە ئەڵتەرناتیڤێکی کۆنەخوازانە دروستبکرێت، کە دژ بە هەموواری یاسای باری کەسێتی دەوەستێتەوە، چونکە یاسای باری کەسێتی توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان زیاد دەکات و ژنانی کردووە بە پلە دوو، هەروەها یاساکانیش توندوتیژی بۆ ژنان دروست دەکەن، بەڵام ئێمەی ژنان بەردەوام بە ئومێدەوە کار و خەبات دەکەین بۆئەوەی ڕووبەڕووی ئاستەنگی و توندوتیژییەکان ببینەوە، بۆیە پێویستە لە هەرێمی کوردستان ژنان بێنە مەیدان تا ڕووبەڕووی توندوتیژی و ئەقڵییەتی پیاوسالاری ببنەوە.
''ژن و ئاشتی دوو پرسی لێکدانەبڕاون''
ئاماژەی بەوەشدا، دەستکەوتەکانی ژنان لە ساڵی ٢٠٢٥دا، لە پرسی ئاشتی و پلاتفۆڕمەکانی ژناندا ڕەنگی داوەتەوە، کە ژنان ڕۆڵی کارایان لە ئاشتیدا هەیە، ژن و ئاشتی دوو پرسی لێکدانەبڕاون، هەروەها ژنان ڕۆڵێکی بەهێزیان لە کۆنگرەکانی پێکەوەیی و پرسەکانی ژناندا هەبووە، بەجۆرێک کە چەندین کۆنگرە لە لایەن ژنانی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئەنجامدرا، ئەویش بە مەبەستی کارکردن لە سەر کێشە و گرفتەکانییان، هەروەها ژنان ڕۆڵی گرنگیان لە مانگرتنەکانی فەرمانبەران و مامۆستایان بۆ پرسی موچە هەبوو، کە مانگرتنی مامۆستایان لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ تا سەرەتایی ساڵی ٢٠٢٥ بەردەوامی هەبوو، کە تێێدا سێ ژن ڕۆڵی سەرەکیان دەگێڕا و پاشان ژنانی دیکەش پاڵپشتیان کردن، هەروەها مامۆستایانی ژن هەمیشە پێشەنگایەتی پرسی موچەیان کردووە، ساڵانی ڕابردوو کاتێک باس لە مامۆستا و سیاسەتمەدا و پێشمەرگە دەکرا، پیاوانی تێدا دەناسرایەوە، بەڵام لەئێستادا بەهۆی پێشڕەویکردنی ژنانەوە پێچەوانە بۆتەوە، بەجۆرێک ژنان ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە خۆپیشانەکان بۆ داواکردنی مافەڕەواکانی خۆیان هاوشێوەی موچە و دابینکردنی پێداویستییەکانیان، چونکە ئەگەر تەنها پیاوان لە مانگرتن و خۆپیشانەکانەکاندا بەشداربوونایە، ئەوا نەدەتواندرا دەنگی تەواوی هاوڵاتیان بگەیەندرێت، کەواتە ژنان ڕۆڵی کارایان لە گەیاندنی دەنگی گەل هەبووە، ئەمە جگە لەوەی کە بەردەوامیش ڕۆڵی بەهێزیان لە بواری سیاسی و سەربازیشدا هەیە.
"ژنانی ئازاد ڕۆڵی کاریگەریان لە ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژییەکان بۆسەر ژنان هەبووە"
بەهار مونزیر، چالاکوانی ژنان، وتی: یەکێکی تر لە پرسە گرنگەکانی ئەم ساڵ دروستبوونی ژنانی ئازادە، کە ڕۆڵ و کاریگەری گەورەیان لە خەباتی ژناندا هەبووە، بەجۆرێک کە ڕۆڵی گرنگیان لە فڕێدانی ئە و کۆتوبەندانەدا هەبووە کە بەسەر ژناندا سەپێندرابوون، هەروەها کۆتوبەندە یاسایی و سیاسی و ئابوورییەکان ڕێگری لە ژنان دەکەن لە بەرەوپێشچوون، بەڵام ژنانی ئازاد توانیویانە ڕۆڵی کارا بگێڕن لە شکاندنی ئەو کۆتوبەندانە، هەروەها ژنان لە ڕێگەی ڕەوتە سیاسییەکانەوە بۆ ململانێ سیاسییەکان بەکار دەهێندرێن، بۆیە پێویستە ژنان پێشڕەوی کۆمەڵگە و سیاسەت بکەن، تاوەکو پێکەوەیی ژن و پیاو هەبێت، هەروەها لە هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، چەندین چالاکی گرنگ بۆ پرسەکانی ژنان بەڕێوەچوو، کە سەرنجڕاکێشترینیان دروستکردنی ٥٣ ماسک بوو، کە ئاماژەبوو بۆ کوشتنی ٥٣ ژن لەمساڵدا، ئەمە جگە لەوەی کە لە ڕێگەی چەندین پانیڵ و چالاکی دیکەوە بەردەوام ژنان و کۆمەڵگە هۆشیاردەکرانەوە، تاوەکو بتوانن کاربکەن لەسەر مافەکانیان و ڕیگری کردن لە هەموواری یاسای باری کەسێتی.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا، وتی: پێویستە هەموو هاوڵاتییەک بۆ پێکەوەی هەوڵبدات، هەروەها ساڵ دەگۆڕێت ئێمە ناتوانین کۆتایی ساڵ کۆتایی بە خەباتمان بهێنین و دواتر دەستپێبکەینەوە، بەڵکو بەردەوامی بە کارو خەباتمان لە ساڵی نوێدا دەدەین، هەروەها ئەو کەسانەی کە ئاشتیخوازن هەمیشە هەوڵدەدەن ژنان لە یاسا و کۆمەڵگەدا پەراوێز نەخرێن، بۆیە کارو چالاکییەکانمان بەردەوام دەبێت و گرنگی بە پرسەکانی ژنان دەدەین.