بەفربارین لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان کەمی کردووە

توێژینەوەکان ئاشکرایدەکەن، لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان، بەفربارین کەمی کردووە و زیاتر باران دەبارێت.

ناوەندی هەواڵ

 

بە گوێرەی ئاژانسی پاراستنی ژینگەی ئەمریکا "EPA"، "لە زۆربەی ناوچەکانی ئەو وڵاتەدا بەفربارین کەمی کردووە" و نزیکەی ٥٧٪ی وێستگەکانی چاودێریی کەشوهەوا ئاماژە بە کەمکردنی بەفربارین دەکەن.

 

توێژینەوەیەکی نوێ لەسەر ئۆراسیا کە ساڵی ٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە، دەریخستووە بەفربارین لە زۆربەی ناوچەکانی ئۆراسیا کەمی کردووە. ئەم دابەزینەش پەیوەندییەکی بەهێزی بە دەردانی گازە گەرمکەرەکانەوە هەیە کە مرۆڤ هۆکارەکەیەتی.

 

لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و ئەو شوێنانەی سەهۆڵ لە لووتکەی چیاکان هەیە، بەڵگەکان تاوەکو دێت زیاتر دەبن لەسەر ئەوەی بەفری کەڵەکەبووی سەر لووتکەکان خەریکە کەمدەبێتەوە، لەبەر ئەوەی ئێستا کەمتر دەبارێت و زیاتر دەتوێتەوە. بۆ نموونە، توێژینەوەیەک لە باکووری رۆژئاوای بانی پامیر لە ئاسیای نێوەڕاست دەریخستووە کە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە بەفربارین و ئەستووریی بەفر "بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە"، ئەمەش بووەتە هۆی توانەوەی سەهۆڵی لووتکەکان و کەمبوونەوەی ئاوی رووبارەکان.

 

توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠٢٤ لەسەر زنجیرە چیاکانی ئەڵپ دەریخستووە لە نێوان ساڵانی ١٩٢٠ بۆ ٢٠٢ بەفربارین لەو ناوچەیە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە: بە تێکڕا بەفربارین ٣٤٪ کەمی کردووە؛ لە باکووری ئەڵپ ٢٣٪ و لە هەندێک ناوچەی باشووری رۆژئاوا نزیکەی ٥٠٪ کەمبووەتەوە.

 

بەگوێرەی ناسا، لە ناوچەکانی جەمسەری باکوور و باکووری ئەتڵەسی، ژمارەی ئەو رۆژانەی کە تێیدا باران لە بری بەفر دەبارێت، رووی لە زیادبوونە؛ ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕان لە جۆری دابارین هاوکات لەگەڵ گەرمبوونی کەشوهەوا.