ژنانی ڕۆژنامەنووسان: بەردەوام دەبین لە نووسین

ژنانی ڕۆژنامەنووسی باکووری کوردستان باسیان لە دەستگیرکردنی ٩ ڕۆژنامەنووس و زیادبوونی گوشارەکان بۆ سەر ڕۆژنامەگەری ئازاد لە تورکیا کرد و ڕایانگەیاند کە ئاکەپە چەندە بکەوێتە کێشەوە، ئەوەندە گوشار لە ئازادی ڕۆژنامەوانی دەکات.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە تا ئێستا ٢٦ ڕۆژنامەنووس لە تورکیا دەستگیر کراون کە ١٠یان ژنن، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە ئەنقەرە دەستبەسەرکرابوون، ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا کرا. ژنانی ڕۆژنامەنووس کاردانەوەیان بەرامبەر بە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان نیشان دا و ڕایانگەیاند: بۆ ئەوەی ڕاستییەکان نەزانرێت، حکومەت ڕووی لە ڕۆژنامەگەری ئازاد کردووە.

 

سەرنووسەری ئاژانسی میزۆپۆتامیا، ئارژین دیلەک ئۆنجەل باسی لە ڕووداوەکانی ئەم دواییە کرد کە لە ماوەی ٥ مانگدا ٢٦ ڕۆژنامەنووس دەستگیرکراون و لە کاتی دەستبەسەرکردنیاندا ئەشکەنجە دراون، ڕاشیگەیاند ڕۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکان پەیامێکیان داوە کە لە کارەکانیان ڕاناوەستن و زانیاری لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ تەنانەت لەناو زیندانەکانیشدا دەدەن.

 

"هەرکاتێک حکومەت تووشی کێشە بوو، ئۆپەراسیۆنەکان دژی ڕاگەیاندنی ئازاد دەستپێدەکات"

ئارژین دیلەک ئۆنجەل ڕایگەیاند کە لە پڕۆسەی ڕەخنەگرانەدا حکومەتی ئاکەپە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ڕاگەیاندنی ئازاد دەستپێدەکات، "لە ئۆپەراسیۆنی یەکەمدا وڵات لە گێژاودا بوو، قەیرانی ئابووری قووڵتر و قووڵتر دەبووەوە. بە هۆی سیاسەتی شەڕی ئاکەپە، خەڵک لە دۆخێکی وادایە کە هەناسە نادات. لەم ئۆپەراسیۆنانەی ئەم دواییەدا، گرتە ڤیدیۆییەکانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بڵاوکرانەوە و هەموو ئەو دامەزراوە و لایەنانەی کە دەیانویست شاندی سەربەخۆ لێکۆڵینەوە لەم بابەتە بکەن، کرانە ئامانج. هەروەها ڕاگەیاندنی ئازاد بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو دیمەنانە کرایە ئامانج. ئێمە زۆر باش دەزانین کە هەرکات دەسەڵاتدارانی ئاکەپە-مەهەپە تووشی کێشە دەبن، میدیاکان دەکەنە ئامانج".

 

"ئێمە پاشەکشە ناکەین"

ئارژین ئاماژەی بەوەشدا کە ئاکەپە ساڵانێکە هەمان کار دووبارە دەکاتەوە، بەڵام ڕۆژنامەگەرانی ئازاد پاشەکشە ناکەن و بەردەوام دەبن لە کارەکانیان، دەشڵێت: قەڵەمی هاوڕێ زیندانیکراوەکانمان لەسەر زەوی بەجێناهێڵین. هەرچی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ ئەوەی ئازاد بکرێن.

 

"بەهۆی ئەوەی دەنگی گەلی کورد بوون، دەستگیرکران"

مونەڤەر قەرەدەمیر سەرنووسەری ئاژانسی ژن نیوز ڕایگەیاند، حکومەت هەوڵی بێدەنگکردنی کۆمەڵگە دەدات لە هەموو بوارەکاندا، هەر بۆیە لە سەرەتاوە ڕۆژنامەنووسانی کردە ئامانج، وتیشی: حکومەت هێرش دەکاتە سەر ڕۆژنامەگەری ئازاد. ئێمە هەرگیز سەرمان نەوی نەکرد و بەرامبەر ئەو هێرشانە بێدەنگ نەبووین، چاپەمەنی ئازاد ساڵانێکە دژی زوڵم و ستەم دەجەنگێت و لەمەودواش بەردەوام دەبێت. بەهۆی ئەوەی ڕۆژنامەنووسان پێشێلکاری مافەکان ئاشکرا دەکەن و دەبنە دەنگی گەلی کورد، دەستگیر دەکرێن.

 

"سەرەڕای هەموو شتێک، واز لە نووسین ناهێنین"

هولیا بەیتور، ڕۆژنامەنووسێکە و وتی: هاوڕێکانمان لەسەر نووسینی ڕاستییەکان دەستگیر دەکرێن. ئەوان هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی ئێمە لە ڕێگەکەمان دووربخەنەوە. ئەم دۆخە جێگەی قبوڵکردن نییە، قەڵەمی هاوڕێکانمان لەسەر زەوی نامێنێتەوە، ئێمە درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین.