بەبۆنەى هەفتەى بەرەنگاربونەوەى توندوتیژی دژ بە ژنان لقى یەکێتى ژنانى کۆیە سیمینارێکی سازکرد

بە ئامادەوبوونی ژمارەیەک لە ژنان، لقی یەکێتی ژنانی کۆیە سیمینارێکی بە ناونیشانی ''پاراستنى ژنان، پاراستنى کۆمەڵگەیە لە هۆشیاریەوە بەرە و کردار'' ڕێکخست.

شیا کۆیى

 

کۆیە - ٢٥ی تشرینی دووەم، بەبۆنەى هاتنى هەفتەى بەرەنگاربونەوەىتوندوتیژیدژ بە ژنان، لقى یەکێتى ژنانى کۆیە، بەئامادەبوونی ژمارەیەک لە ژنان سمینارێکی بە ناونیشانی ''پاراستنى ژنان، پاراستنى کۆمەڵگەیە لە هۆشیاریەوە بەرە و کردار'' ئەنجامدا، لە سیمینارەکە دا گفتوگۆ لە بارەی توندوتیژییەکان و چارەسەرییەکانی کرا بۆئەوەی کۆمەڵگەیەکی تەندروستمان هەبێت.

 

''جۆرەکانى توندوتیژی جیاوازن، تەنها فیزکى و جەستەیی نیە''

شیراز مەجید، مامۆستاى زانکۆ لە پۆلەتەکنیکى هەولێر، بەبۆنەى ٢٥ی تشرینی دووەم ''نۆڤەمبەر''، سمینارێکى پیشکەش بە بەشێک لە ژنانى کۆیە کرد و لە سمینارەکە جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، کە دەبێت سمینارەکانى هۆشیارى ژنان بەرە و کردار بڕۆن، هەروەها وتیشی: لەسەرەتاوە باسی ئەوەمانکرد کە بۆچى ٢٥ى تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک دیارى کراوە بە رۆژى بەرەنگاربونەوەىتوندوتیژیدژ بە ژنان، لە ساڵى ١٩٦٠لە وڵاتى دۆمەنیک سێ خوشک کە چالاکوان بوون و بەرگریان لە ژنان کردووە و بەرامبەر بە دیکتاتۆری وەستاوەنەتەوە، دەسەڵاتی ئەو وڵاتە زۆر بە دڕندانە سزای داون و کوشتویانن، بەم هۆیەوە نەتەوە یەکرگرتووەکان لە ساڵى ١٩٩٩دا بڕیارى دا وەکو ڕێزێک ئەم رۆژە دیارى بکەن بۆ خوشکەکانى میراباڵ و ببێتە رۆژێک بۆ بەرەنگاربونەوەىتوندوتیژیدژ بە ژنان.

 

وتیشى: جۆرەکانى توندوتیژی جیاوازن، تەنها فیزکى و جەستەیی نیە، بەڵکو توندوتیژى دەروونى و ئابوورى و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش هەیە، هەروەها زۆر جۆری توندوتیژى لە خێزاندا دەکرێت، بۆیە زۆر ڕێکخراو دامەزراوە هەیە بۆ بەرەنگاربونەوەى توندوتیژى، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا بە پێى ئەو ئامارانەى لەبەردەستن لە ٢٪ گۆرانکارى کراوە بۆ نەهێشتنى توندوتیژى، ئەوەش زۆر کەمە لەچاو ئەو هەموو دامەزراوەى کە هەیە بۆ ئەم بابەتە، چونکە لە کۆتا ئاماردا دەرکەوتووە ١٦ ملیۆن ژن لە ١٢ مانگى رابردوودا ڕووبەڕووى توندوتیژى بۆتەوە لە جیهاندا، کە ئەوەش رێژەیەکى زۆرە.

 

لەکۆتایی قسەکانیشیدا هیواى خواست ئەو کۆرو سمینارانە بەردەوام بن بۆ هۆشیارکردنەوەى کۆمەڵگە، چونکە ئەگەر ژنێک توندوتیژى بەرامبەر بکرێت چۆن دەتوانێت منداڵێک پەروەردەبکات بە شێوەیەکى تەندرووست؟، چونکە ژنان دایکن، بۆیە توندوتیژى دژ بە ژنان دەبێتە وێرانکردنى کۆمەڵگە نەک تەنها ژنێک.

 

حەسیبە ئەحمەد، ئەندامى لقی یەکیتى ژنانى کۆیە، وتى: پێویستە ئەو کۆرو سمینارانە زوو بکرێن و دووبارەبکرێنەوە نەک تەنیا رۆژێک دیارى بکرێت بۆ بەرەنگاربونەوى توندوتیژى دژ بە ژنان، بە ڵام بەداخەوە بەشێکى زۆر خەڵک بەشدارى ئەو جۆرە سمینارانە ناکەن یان وادەزانن تەنها بۆ ژنانە یان ئێمە ژن هاندەدەین بەرامبەر بە  پیاوان، بەڵام وانیە ئێمە دژى توندوتیژین بەرامبەر بە هەرمرۆڤێک کە دەکرێت.