"بازاڕە سیاسییەکان لەسەر ڕۆحی خەڵک دروست کراون"
ئاری مەلا ئەحمەد، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی یاسادانانی هەرێمی جزیرە، تیشکی خستە سەر سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک کە لەسەر ئازارەکانی خەڵک هەوڵ دەدات خۆی بژێنێت، ئاماژەی بەوەشکرد هاوکارییەکانی خۆبەڕێوەبەری کە بۆ ناوچەی بوومەلەرزەکان نێردراون ڕاگیراون.
ڕۆژ هۆزان
قامیشلۆ-ئەو بوومەلەرزەیەی کە لە 6ی شوبات لە شارەکانی تورکیا و باکوری کوردستان و شارەکانی سوریاو ڕۆژئاوای کوردستان ڕوویدا زیانی گەورەی گیانی و ماددی لێکەوتەوە، بە تایبەت لە عەفرین و ئیدلب کە لە ژێر داگیرکاریی دەوڵەتی تورک و چەتەکانیدایە، دۆخی هاوڵاتیان قورستر بوو، بەرێوەبەرایەتی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی لەم دۆخە دژوارەدا ئەرکی مرۆیی خۆی جێبەجێکردووە و پشتیوانی یارمەتی بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە ناردووە، بەڵام ئەو هاوکارییانە لەو ناوچانەی کە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی داگیریان کردبوو ئاستەنگ کران، بازاڕی سیاسیش لەسەر ژیانی خەڵک دروست کراوە لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەتی تورک شەڕ و هێرشەکانی بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕانەگرتووە.
لەو بارەیەوە ئاریا مەلا ئەحمەد، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی یاسادانانی هەرێمی جزیرە تیشکی خستە سەر سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک لە ناوچەی بوومەلەرزەکان و ڕایگەیاند کە ئیدارەی خۆبەڕیوەبەری هەنگاوی دەستبەجێی گرتووەتە بەر بۆ یارمەتیدان، بەڵام لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە ڕێگریان لێکرا، ئاماژەی بەوەشکرد ئەم دۆخە و ئەو سیاسەتەی کە پەیڕەو دەکرێت بووە هۆی ئەوەی کە خەڵکێکی زۆر ژیانیان لە دەست بدەن.
"ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئەرکی مرۆیی خۆی بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە بەجێهێناوە"
ئاریا مەلا ئەحمەد سەرەتا سەرەخۆشی لەو کەسانە کرد کە خۆشەویستانیان لە بوومەلەرزەکە گیانیان لەدەستداوەو وتی: "ئێمە وەک گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە هەموو پێکهاتەکانەوە دژی هەموو شێوازەکانی زوڵم و ستەمین هەروەها ئەرکی مرۆیی ئێمەیە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە بین کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتوە، ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتیی بە ئەرکی مرۆیی خۆمان هەستاین و هەموو سەرچاوەکانمان بۆ خزمەتکردن و یارمەتیدانی ئەو خەڵکە دابینکرد کە بەهۆی ئەم بوومەلەرزەیەی ئەم دواییە زیانیان بەرکەوتووە، ئێمە هەموو دەروازە سنوورییەکانی خۆمان بە کراوەیی بەجێهێشتووە بۆ هاوکاری و هیچ جیاوازییەکمان لەنێوان خەڵکی سوریا و ئەو ناوچانە نەکردووە کە ئۆپۆزیسیۆن تێیدا باڵادەستە".
"پێویستە لە دۆخێکی وەها مرۆییدا سیاسەت دوور بخرێتەوە"
ئاریا مەلا ئەحمەد، وتیشی: "پێویستە لە دۆخی مرۆییدا سیاسەت دوور بخرێتەوە، بەڵام دەوڵەتی تورک تا ڕادەیەکی زۆر ڕێگەی نەداوە هاوکاریی خۆبەڕێوەبەری بچێتە ناو ناوچەی بوومەلەرزەوە، هەموو کەس دەزانێت کە ناوچەکانی باکوری سوریا وەک ئیدلب و جەرابلوس و عەزاز، هەروەها عەفرین لەژێر دەستی دەوڵەتی تورک و چەتەکانیدایە، ئێمە وەک ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەموو ناکۆکی و سیاسەتەکانمان وەلاناوە و تەنیا بیرمان لە دۆخی مرۆیی کردۆتەوە بەڵام بەداخەوە ئەو چەتانەی کە دەکەونە ئەو ناوچانەی سەر بە دەوڵەتی تورکن نەیانهێشتووە هاوکاریەکانمان تێبپەڕێنن ئەگەر بڵێین لەم ساڵانەی دواییدا چەندین ڕووداوی ئازاربەخش لە سوریا ڕوویداوە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی کەی ئەرکی مرۆیی خۆیان جێبەجێ کردووە؟ هەرگیز ئەم کارەیان بۆ گەلانی سوریا نەکردووە، هیچ هیوایەکی مرۆیی بە دەوڵەتێکی وەک تورکیا نییە و باش دەزانین کە بازاڕەکان لەسەر ژیان و ئیرادەی خەڵک دروست دەکات، لە هەموو پڕۆسە سیاسییەکانی دەوڵەتی تورکدا هیچ ئەرکێکی مرۆیی نەبوو، بە پێچەوانەوە کۆمەڵگەیان بەناو کۆمەڵکوژیەکاندا تێپەڕاند".
"ڕەگەزپەرستی لە دژی سوریاییەکان لەم دۆخە مرۆییەدا ئەنجام دەدرێت"
ئاریا مەلا ئەحمەد تیشکی خستە سەر ڕەگەزپەرستیی دژ بە خەڵکی سوریا کە کۆچیان کردوە بۆ تورکیا و وتی: "ئێمە سات بە سات سەیری هەموو حاڵەتەکانی بوومەلەرزەکە دەکەین و بینیمان کە قوربانیانی بوومەلەرزەکەی تورکیا گیانیان لەدەستداوە بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لەم بارەوە ئەو ڕەگەزپەرستییەیە کە لەم دۆخە مرۆییەدا دژ بە سوریاییەکان ئەنجام درا، زۆر کەس کە لە ژێر بینا ڕووخاوەکاندا مابوونەوە دەنگیان نەکرد چونکە زمانی تورکییان نەدەزانی و دەترسان بڵێن ئێمە خەڵکی سوریاین چونکە دەیانزانی لە ژێر داروپەردوودا بەجێیان دێڵن، سەرەڕای ئەوەش لە زۆربەی ئەو ناوچانەی کۆچبەرانی سوریا تێیدا نیشتەجێ بوون، خەڵک لە ژێر داروپەردوودا گیانیان لەدەستداوە و یارمەتی نەدراون، ئەگەر لەدۆخێکی وەها جدی مرۆییدا پرسیار لەخەڵک بکرێت تۆ تورک یان سوریت ئەوا هیچ بەهایەکی مرۆیی نامێنێت".
"دواکەوتنی کردنەوەی دەرگای هاوکاری گیانی خەڵکی لە مەترسیدا جێهێشتووە"
ئاریا مەلا ئەحمەد، ئاماژەی بەوەکرد کە کردنەوەی دەروازەی هاوکاریی سنوورەکان دۆسیەیەکی جیهانییە، بەڵام وڵاتانی دەرەوە ئەو بەرپرسیارێتییەیان نەخستە سەرخۆیان و وتیشی: "ئێمە پێشتر ڕامانگەیاندووە کە دەروازە سنوریەکانمان کراوەیە بۆ هاوکاری، بەڵام ئەمە تەنها بەرپرسیاریەتی ئێمە نییە، چەندین جار داوامان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە دەرگای هاوکارییەکان بکەنەوە، بەڵام هیچ کام لە لایەنەکان ئەم بەرپرسیارێتییەیان بەرز نەکردۆتەوە سیاسەتی گشتی جیهانی دژی کۆمەڵگاکانن، دواکەوتنی کردنەوەی دەرگاکانی یارمەتی گیانی خەڵکی لە مەترسیدا بەجێهێشتووە ئەگەر ئەو دەرگای هاوکارییانە بکرێتەوە هەناسەیەکی نوێ دەداتە هەرێمەکانمان و هەموو ناوچەکانی سوریا".