باشوری سودان، "بوونێکی دۆزەخیی" بۆ ژنان

نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرایدەکات، بەهۆی زۆری ڕێژەی دەستدرێژی سێکسیەوە بۆ سەر ژنان، باشوری سودان بووەتە دۆزەخ بۆ ژنان.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاپۆرتی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر بنەمای ئەو چاوپێکەوتنانەی کە لە ماوەی چەند ساڵێکدا لەگەڵ قوربانیان و شایەتحاڵان ئەنجامدراوە، ئاشکرایدەکات کە دەستدرێژی سێکسی بەرفراوان لەلایەن هەموو گروپە چەکدارەکانەوە لە سەرتاسەری وڵاتی باشوری سوداندا بۆ سەر ژنان ئەنجام دەدرێت.

 

بە پێی کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان، توندوتیژی سێکسی وەک پاداشت و ماف بۆ پیاوان کە لە ململانێدا بەشدارن، دروستکراوە، ئامانجەکە ئەوەیە کە زۆرترین تێکچونی کۆمەڵگاکان بپێکێت.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە زۆرجار دەستدرێژی سێکسی بەکاردێت وەک بەشێک لە تاکتیکە سەربازییەکان کە حکومەت و سەرکردە سەربازییەکان لێی بەرپرسیارن، ئەویش بەهۆی شکستهێنانیان لە ڕێگریکردن لەو کارانە و لە سزادانی ئەو کەسانەی کە تێوەگلاون.

 

یاسمین سوکا، سەرۆکی کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: "ئەوە زۆر قێزەونە و بەتەواوی قبوڵ ناکرێت کە جەستەی ژنان بەشێوەیەکی سیستماتیک لەم پێوەرەدا وەک تێکدەرانی جەنگ بەکاردێن"، یاسمین سوکا داوای کاردانەوەی بەپەلەی کرد و وتی: "دەبێت پیاوانی باشوری سودان بوەستن سەبارەت بە جەستەی ژن کە وەک 'خاک' خاوەنداریەتی و کۆنتڕۆڵ و ئیستغلال بکرێن".

 

ڕزگاربووانی توندوتیژی سێکسی بە وردی "دەستدرێژیکردنە دڕندانە و درێژکراوەی چەتەکان" یان لە لایەن چەند پیاوێکەوە بەرامبەریان ئەنجام دراوە، زۆربەی کات مێردەکانیان، دایک و باوکان یان منداڵەکانیان ناچارکراون چاودێری بکەن، بێدەسەڵاتن بۆ دەستتێوەردان.

 

ڕاپۆرتەکە دەڵێت: "ژنانی هەموو تەمەنەکان چەند جارێک دەستدرێژی سێکسیان دەکرێتە سەر، ژنان لە دەوروبەری یەک و لەبەرچاوی یەک دەستدرێژی سێکسیان دەکرێتە سەر، هەروەها دەستدرێژی بە کۆمەڵ دەکرێت بۆ نمونە ژنێک لە لایەن ٦ پیاوەوە دەستدرێژی کراوەتەسەر".

 

هەروەها ژنان زۆربەی کات لە ئەنجامی دەستدرێژی سێکسیدا دووگیان بوون و لە زۆر حاڵەتدا ڕزگاربووەکان تووشی نەخۆشییە سێکسییەکان بوون لەوانە توشبوون بە نەخۆشی ئایدز، دوای دەستدرێژی سێکسی و دووگیانی، زۆربەی کات ژنان لەلایەن هاوژین و خێزانەوە وازیان لێدەهێنرێت و بە بێهیوایی بەجێدەهێڵرێن.

 

کۆمیسیۆنەکە بڵاویکردەوە کە ئەم هێرشانە ڕووداوی هەلپەرستانەی هەڕەمەکی نین، بەڵام زۆربەی کات سەربازە چەکدارەکان بە شێوەیەکی چالاکانە دەستیان هەبووە لە ئەنجامدانیدا لەگەڵ ئەوەی دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر گوندەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک.