بارودۆخی تەندروستی وریشە مورادی ناجێگیرە
بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، وریشە مورادی بارودۆخی تەندروستیی ناجێگیرەو دەبێت نەشتەرگەری بۆ ئەنجام بدرێت، بەڵام بەرپرسانی زیندانی ئێڤین ئامادە نین ڕەوانەی نەخۆشخانەی بکەن.

ناوەندی هەواڵ
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا لەبارەی بارودۆخی وریشە مورادی زیندانیی سیاسیی کورد و سزادراو بە سزای لەسێدارەدان لە زیندانی ئێڤین ڕایگەیاند، وریشە مورادی، زیندانی سیاسیی کوردی سزادراو بە سزای لەسێدارەدان بارودۆخی تەندرووستیی ناجێگیرە و تا ئێستا لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بێبەشکراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ژنە زیندانییە سیاسییە کوردە بە دەست چەندین نەخۆشی وەک هەڵدڕانی دیسکی مل و نەخۆشی مێشک دەناڵێنێت و پێشتر پشکنینی بۆ ئەنجامدراوە و دەبێت نەشتەرگەری ئەنجام بدات، بەڵام بەرپرسانی زیندانی ئەوین ئامادە نین ڕەوانەی نەخۆشخانەی بکەن.
لە ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، وریشە مورادی لە لقی ١٥ـی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی بە تۆمەتی “یاخیبوون” تۆمەتبار کرا و لە ١٠ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.