بۆ یەکەمجار ژنێک بووە وەزیری دارایی عێراق

ته‌یف سامى به‌ هه‌ڵبژاردنى وه‌ك وه‌زیرى دارایی عێراق بووه‌ یه‌كه‌مین ژن كه‌ له‌مێژووى عێراق دا ئه‌و پۆسته‌ى وه‌رگرتبێت.

ناوەندی هەواڵ

دوای تێپەڕبونی زیاتر لە ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، شەوی ڕابردوو ٢٧ی تشرینی یەکەم، ئەنجومەنی نوێنەران کابینەی نوێی حکومەتی بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی پەسەندکرد و متمانەی بە ٢١ وەزیریش بەخشی.

 

لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا محەمەد شیاع سودانی کارنامەی حکومەتەکەی پێشکەش بە پەرلەمانتاران کرد و رایگەیاند، کەرتەکانی تەندروستی، کارەبا، خزمەتگوزارییەکان لە ڕێگەی شارەوانی، ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی لە پێشینەی کاری حکومەتەکەی دەبن.

 

لە حکومەتەکەی سودانیدا ژنێک بە ناوی "تەیف سامی" بووە وەزیری دارایی، ئەمەش بۆ یەکەم جارە لە مێژووی عێراق دا ئەو پۆستە بدرێتە دەست ژن.

 

ساڵی ٢٠٠٣ لەپاش پڕۆسەی ئازادكردنی عێراق تەیف سامی، یاخود كە لە ناو عێراقییەكاندا بە "ست تەیف" ناوی دەهێندرێت، بەفەرمانی ڕاستەوخۆی پۆڵ بریمەر، حاكمی ئەوكاتەی عێراق لەپۆستی "بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی عێراق" دامەزرێندرا، لەوكاتەوە تەیف سامی بەرپرس بووە لە ئامادەكردنی پڕۆژە یاساكانی بودجەی گشتی عێراق.