بە سەدان کەس خاوەندارییان لە خاکی کوردستان کرد
بە کەس لە شار و شارۆچکەکانی باشوری کوردستانەوە لە شاری سلێمانی ڕێپێوانیان کرد و دروشمی "بۆ دەرەوە سوپای تورکیا بۆ دەرەوە"یان وتەوە، داواشیان هەرچی زووە گەل و دەسەڵاتداران دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بوەستنەوە.
بە سەدان کەس لە شار و شارۆچکەکانی باشوری کوردستانەوە لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە و ڕێپێوانیان کرد و دروشمی "بۆ دەرەوە سوپای تورکیا بۆ دەرەوە"یان وتەوە، داواشیان هەرچی زووە گەل و دەسەڵاتداران دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بوەستنەوە.
ناوەندی هەواڵ
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە سەدان هاوڵاتی لە شار و شارۆچکەکانی باشوری کوردستانەوە بە ڕەنگ و تەمەنە جیاوازەکانەوە لەناویشیاندا ژنان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەشداری ڕێپێوانی جەماوەری شاری سلێمانی بوون بۆ ئیدانەکردنی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و بڕینەوە و بە تاڵانبردنی دارستانەکانی.
بڕیاربوو ڕێڕەوی ڕێپێوانەکە لە شەقامی سالم-سەهۆڵەکە بەرەو باخی گشتی بێت، بەڵام لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە ڕێگری لێکرا و تا بەردەم ئەمنەسورەکە بەردەوام بوو، ڕێپێوانەکە بە دەستپێشخەری ناوەندی کاری نیشتمانی و بەشداری ١٠ حزب و ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی، وەک حیزبی شیوعی و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، حزبی کۆمۆنیست، تەڤگەری ئازادی، گروپی هەنگ، ڕێکخراوی سەوزی کوردستان، ڕێکخراوی سروشتی کوردستان، ئاسۆی نوێ، سەکۆی دژی داگیرکاریی، دەستەی دەستپێشخەری بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان بەڕێوەچوو.
خۆپیشاندەران دروشمی "بۆ دەرەوە بۆ دەرەوە، سوپای تورکیا بۆ دەرەوە، بژی بەرخۆدانی گەریلا، کوردم و قارەمانم دژی داگیرکەرانم، لەپێناو گارا و مەتین هەتا ماوین ئەجەنگین"یان دەوتەوە و پانکارتی " باشوری کوردستان قەڵای مێژووی خەبات و بەرەنگارییە دژی داگیرکەران" بەرز کردەوە.
لە دوای کۆتایی هاتنی ڕێپێوانەکە لەبەردەم ئەمنە سورەکەدا چەند بەیاننامەیەک لەلایەن حزب و ڕێکخراوە بەشداربووەکانەوە خوێندرایەوە، بەیاننامەی ناوەندی کاری نیشتمانیی لەلایەن لوقمان حەسەن خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: تورکیا دەیەوێت هەژموونی خۆی بەسەر ئەم ناوچەیەدا بسەپێنێت، لە ئاکامی هێرشەکانیشیدا سەدان هاوڵاتیی مەدەنیی شەهید و برینداربوون و کاولکاریی لە ناوچە سنوورییەکان ئەنجامداوە، چەندین گوندیش ئاوارەبوون و تیرۆریستان لەشوێنیان بەجێ دەکەن.
ڕوناک مەجید ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، بەیاننامەی تەڤگەری ئازادی خوێندەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدا کە شکاندنی بێدەنگی شەقام دژ بە داگیرکارییەکان سەرکەوتنی گەلی کورد و شکستی تورکیا مسۆگەر دەکات، دەوڵەتی تورکیا لەمێژە هێرش دەکاتە سەر باشوری کوردستان و بە بەشێک لە خاکی تورکیا لە قەڵەمی دەدات، هەموو هێرشەکانیشی بۆ داگیرکردنی خاکی کوردستان دەکات و هەوڵیان بۆ لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە.
ڕوناک مەجید ئەوەشی وت کە بێهەڵوێستی حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکی هەرێم مەحکوم و شەرمەزار دەکەین و بێدەنگییەکانی حکومەتی بەغدایش بە هاوکاریکردنی داگیرکاری بەناو کرد.
هەمووان لە ڕێپێوانەکەدا و بەیاننامەی لایەنەکانیش ئاماژەیان بەوە دەدا کە پێویستە گەلی کورد یەک هەڵوێست بێت و لایەنە سیاسییەکانیش دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی گەل و لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، بڕینەوەی دارەکان و بە تاڵانبردنی خاکی کوردستان هەڵوێست بنوێنن.
ت.پ