بە ڕێپێوانێکی بە مەشخەڵ ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک کرا

لە ڕێپێوانێکدا بەبەشداری سەدان هاوڵاتی مەشخەڵ بەدەست لە هەر چوار پارچەی کوردستان هێرشەکانی دەوڵەتی تورک شەرمەزار کرا، تێیدا ژنانی گەنج و گەنجانی وڵاتپارێز پاڵپشتی خۆیان بۆ گەریلاکانی چیای گارە دەربڕی.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی ئەمڕۆ ڕێپێوانێک لە لایەن ڕێکخراوەکانی گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر بە بەشداری سەدان هاوڵاتی هەر چوار پارچەی کوردستان لە شەقامی سەهۆڵەکە بۆ بەردەم باخی گشتی سلێمانی ئەنجامدرا.

لە ڕێپێوانەکەدا بە هەڵگرتنی مەشخەڵ ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر چیای گارە کرا، دەیان دروشمی "بۆ دەرەوە بۆ دەرەوە سوپای تورکیا بۆ دەرەوە، بمرێ خیانەت، بژی بەرخودانی گارە و لە گارە بەرخۆدانە سلێمانی پشتیوانە" بە دەنگی بەرز دەوترانەوە.

 

دوای تەواوبوونی ڕێپێوانەکە لە بەردەم باخی گشتیدا لە لایەن دڵشاد محەمەد، ئەندامی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان بەیاننامەی گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر بۆ ڕای گشتی خوێندرایەوە.

لە بەیاننامەکەدا ڕایانگەیاند، دەوڵەتی تورک هەمیشە بە خەیاڵی دەوڵەتی عوسمانی و بە هاوکاری پەدەکە بەردەوام هێرش دەکاتە سەر گوندەکانی کوردستان، تا ئێستا سەدان گوندی تۆپباران کردووە و هاوڵاتی مەدەنی لە بۆردومانەکاندا گیانیان بەخشیووە.

 

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ئێمە وەک گەنجانی باشوری کوردستان، هەتا هێرشەکانی ڕانەوەستێت ئێمە بەردەوام لەسەر شەقامەکان دەبین  بە ڕێبازی شۆڕشگێڕانە وەڵامی داگیرکارییەکانتان دەدەینەوە.

 

ماوەی دوو ڕۆژە دەوڵەتی تورک هێرشی بۆ سەر چیای گارە لە دەڤەری بادینانی سەر بە پارێزگای دهۆک دەستپێکردووە، لە بەرامبەریشدا هێزەکانی پاراستنی گەل بەرپەرچی هێرشەکان دەدەنەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی نەنواندووە.

 

ت.پ