٪٦٢ی ژنان ڕووبەڕووی تەشهیر و هەراسانی سێکسی دەبنەوە

بەپێی ئامارەکانی لە توێژینەوەیەکدا خراوەتە ڕوو، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ژنان جێگەیەکی ئارام نییە و بەلایەنی کەمەوە لە نێوان ١٠ ژندا ٦ ژن ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە شاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دەرئەنجامی پرۆژەیەکی بەدواداچوون و توێژینەوەی خرایە ڕوو دەربارەی ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کە لە لایەن ڕێکخراوی PAO  - پاو بە پاڵپشتی ڕیکخراوی ئینتەرنیوزو پرۆژەی دەنگەکان و چەند ڕێکخراوێکی دیکە ئەنجام دراوە.

ئەم پرۆژەیە لە لایەن گروپێکەوە بەڕێوەدەبرا بۆ ماوەی یەک مانگ، و تیایدا ڕاپرسی کراوە لە ڕێگەی فۆڕم و چاوپێکەوتنەوە بۆ ئاشکرا کردنی ڕەوشی ژنان لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ ژنانی ڕۆژنامەنووس و چالاکواناندا ئەنجام دراوە، بەشێكی دیکەشی لەگەڵ چالاکانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کراوە،

دەرئەنجامی توێژینەوەکە لە لایەن ئاڤان فارس ڕۆژنامەنووس و چالاکوان خڕایە ڕوو، تیایدا هاتووە بە ڕێژەی ٪٥٣ بەشداربووانی ڕاپرسییەکە باس لەوە دەکەن لە ناو تۆڕەکاندا جنێو و قسەی نەشیاویان پێدراوە و زۆرجار ڕووبەڕووی هەڕەشە و سوکایەتی و شێواندنی وێنەکانیان دەبنەوە، بە ڕێژەی ٪٦٢ ژنان ڕووبەڕووی تەشهیر و هەراسانی سێکسی دەبنەوە بە ناردنی وێنەی سێکسی و کۆمێنتی نەشیاو.

دزینی وێنە و هاک کردن بەشێکی دیکەی ئامارەکان بوو، بە ڕیژەی ٪٥٩ی ژنان لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان ڕووبەڕووی بوونەتەوە بۆ گەشتن بە زانیارییە کەسییەکانیان و بەکارهێنانیان لە دژیان، لە ٪٥٢ی ژنان باس لەوە دەکەن لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نائارامن و هەست بە پارێزراوی ناکەن.

ئاڤان لە کۆنگرە ڕۆژنامەنوسییەکەدا ئاماژەی بەوەش کرد، هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوەی کە ژنان و ژنانی گەنج بەو ڕێژە زۆرە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەوەیە کە هیچ دەزگا و دامەزراوەیەک بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە هەوڵیان نەداوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، ژنانیش لە نەبوونی هیچ پاڵپشتێکی یاسایی و ڕێکخراوەیی بێدەنگی هەڵدەبژێرن لە بەرامبەر ئەو سوکایەتی و توندوتیژیانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە.

 

پڕۆژەی داهاتووی ڕێکخراوانی توێژینەوەکە دروستکردنی هاشتاگی بەرفراوانە بە ناوی "بێدەنگ مەبە" بۆ هاندانی ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، هەروەها لەو ئەنجامەی لە توێژینەوەکەدا بەدەست خراوە، بڕیاریاندا لە داهاتوودا خول و ڕاهێنان بۆ ژنان و ژنانی گەنج بکرێتەوە لە شێوەی سیمینار و چالاکی جۆراوجۆر لە ناو زانکۆ و قوتابخانە و دامەزراوەکان بە مەبەستی هۆشیاریدان و خۆپاراستن لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.

 

ت.پ