بۆ پشتیوانی لە هەڵمەتی زمانی کوردی چالاکییەکی هونەری بەڕێوەچوو

تەڤگەری هیلالی زێڕین لە گردی مۆزان بۆ پشتیوانی لە هەڵمەتی دەستەبەرکردنی زمانی کوردی لە دەستووری نوێی سووریا چالاکییەکی هونەری ئەنجامدا.

قامیشلۆ

 

بەڕێوەبەران و مامۆستایانی زمانی کوردی لە ١٥ی ئایاردا هەڵمەتێکیان بۆ پشتیوانی و دانپێدانانی زمانی کوردی لە دەستووری نوێی سووریا ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا، ئەمڕۆ تەڤگەری هیلالی زێڕین چالاکییەکی هونەری لە گردی مۆزان سەر بە شاری عامودا لە ڕۆژئاوای کوردستان  ڕێکخست.

 

ئەندامانی تەڤگەری هیلالی زێڕین لە چالاکییەکەدا گۆرانی کوردییان وت.

سەبارەت بەو چالاکییە هونەرییە، شیرین ڕەشید، ئەندامی کۆردیناسیۆنی تەڤگەری هیلالی زێڕینی ڕۆژئاوا، قسەی کرد و وتی: ئامانجمان لەم چالاکییە دڵنیابوونە لە بوونی زمانی کوردی لە دەستووری نوێی سووریادا، حکومەتی دیمەشق خوێندنی بە زمانی کوردی قەدەغە کردووە، هەر لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاواوە، تێچووی زۆر خەرج کراوەو پێشکەوتنی گەورە لە بواری زماندا بەدیهاتووە، ئێمە وەک تەڤگەری هیلالی زێڕین پشتیوانی ئەو کەمپەینەش دەکەین کە بۆ زمانی کوردی ڕاگەیاندراوە.


"حکومەتی دیمەشق پێویستی بە نزیکبوونەوەی ئەرێنی هەیە لە گەلی سووریا"

شیرین ڕەشید جەختی لەوە کردەوە کە زمان و کولتوور تەواوکەری یەکترن و وتی: بوونی زمان بوونی کولتوورە، بوونی کولتوور بە واتای بوونی زمانە، داواکاریی ئێمە ئەوەیە کە سووریا بچێتە قۆناغێکی نوێ، پێویستە ئیدارەی کاتی بە شێوەیەکی ئەرێنی نزیک بێت لە گەلی سووریا.