"بە پێنووس و کامێراکانمان دەبینە دەنگی پەخشان و شەریفە"

یەرەژە و یەرا بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانییان دژی بڕیاری ئێران بۆ لەسێدارەدانی ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافی ژنانی کورد پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند: بە پێنووس و کامێراکانمان دەبینە دەنگی پەخشان و شەریفە.

قامیشلۆ

 

ڕژێمی ئێران سزای سیدارەی بەسەر ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مافی ژنانی کورد، پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی سەپاند، لە هەمان کاتدا دوای ٢٢٧ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردن، سلێمان ئەحمەد، هەواڵسازی ئاژانسی ڕۆژنیوز لەلایەن حکومەتی باشووری کوردستان پەدەکەوە سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، یەکێتی ڕاگەیاندنی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (یەرەژە) و یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازاد (یەرا) بە ئامادەبوونی دەیان ڕۆژنامەنووس لە شاری قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانییان لە دژی ئەو کردەوانە بڵاوکردەوە کە دژی ڕۆژنامەنووسانی کورد ئەنجام دەدرێن.

 

بەیاننامەکە لەلایەن نەورۆز دەمهات، ڕۆژنامەنووس و لە هەمان کاتدا ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری یەرەژە خوێندرایەوە، ناوەڕۆکەکەی بەم شێوەیە بوو:

 

"بە سێدارە ناتوانن پێش بە داخوازییەکانی ئازادی بگرن"

وەک هاوتاکانیان ئەم بڕیارەی ڕژێمی مرۆڤکوژی ئێران و بڕیاری دادگاکانی پەدەکە بۆ سزادانی سلێمان ئەحمەد بۆ ماوەی سێ ساڵ شەرمەزار دەکەین، ڕژێمی داگیرکەر و جینۆسایدی ئێران بە سیاسەتی سێدارە، هەوڵی ترساندنی ژنان و خەڵکی ئازادیخواز دەدات، دەیەوێت داخوازییەکانی خەڵک و ژنان بۆ ئازادی لە پێشینەی کارەکانیدا دابنێت، ڕژێمی ئێران لەسەر بنەمای ئایین و تایەفەگەری و پیاوسالاری دامەزراوە، ئەم بڕیارە فشار و گۆشەگیری لەسەر ئازادی و بوونی ژنان دروست دەکات و مافەکانیان پێشێل دەکات، رژێیمی ئێران لە هەموو چین و توێژەکانی ژیاندا هێرشی کردووەتە سەر ناسنامەی ژن، لە هەمووی زیاتر هەوڵی کوشتنی هیوای ژیانێکی ئازادیان داوە لە ڕێگەی سێدارەوەو بەم شێوەیە کۆمەڵگەیەکی بێ ڕۆح دروست دەکەن کە خۆی ڕادەستی مەرگ کردووە.

 

سەرەڕای ئەم کردەوانە و سیاسەتانە، بە پێشەنگایەتی ژنان بەرخۆدانێکی بێهاوتا ئەنجامدراوە، ژنان و گەل  نیشانیان داوە کە ئەم سیستمە پیاوسالارییە کە پشت بە جینۆساید و گۆشەگیری دەبەستێت، بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت و بە خەباتی ئەو ڕۆحە خۆڕاگرییە، ئەم دەسەڵاتە مەحکوم دەبێت بە شکست، ئەزموونە مێژووییەکان لە هەموو دەرفەتێکدا دەریانخستووە کە ئەوەی هەمیشەیی بێت، ستەمی دەسەڵاتە جینۆسایدەکان نییە، بەڵکو بەرخۆدانی ئازادییە لە بەرامبەریدا، مرۆڤی ئازادیخواز بەم زانستە خەباتی خۆیان بۆ ئازادی ژن دەردەبڕن و بەرجەستەی دەکەن، بە زانینی ئەوەی کە کۆمەڵگە و مرۆڤە چەوساوەکان ئازاد نابن تا ژن ئازاد نەبێت، گوڵی ژنانیان کردە سیمبولی خۆڕاگری خۆیان و بە دروشمی  "ژن، ژیان، ئازادی" هاواریان بۆ ئازادی کرد، لە هەموو جیهاندا دەنگی دایەوە و بوو بە گەورەترین ترس بۆ سیستمی پیاوسالاری، زایەندپەرستی و ئایینی ئێران.

 

"ملیۆنان ژینا ئەمینی زیندوو دەبێتەوە"

" لەبەر ترسی مردن؛ ڕژێمی ئێران فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ چالاکوانانی ڕاپەرین دەرکرد، بێگومان مرۆڤی ئازادیخواز بە کوشتن و گرتن و هەڵواسین کۆتایی نایەت، بە سۆز و خولیای ئازادی، تەنانەت لە بەرامبەر سێدارەشدا خەریکی بەرزکردنەوەی خەباتی ژیانی ئازادن، بە وەستانەوە، نیشانی دەدەن کە ئەگەر دەسەڵاتی سێدارە ژینا ئەمینییەک بکوژێت، ملیۆنان ژینا ئەمینی زیندوو دەبێتەوە.

 

 هاوڕێ ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافی ژنانی کوردمان پەخشانن عەزیزی و شەریفە محەمەدی ئەو دوو ژنەن کە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە، پشتگیری لە مافی هەموو زیندانییەکی ئازادی دەکەین چونکە ئێمە پێمان وایە خواستی ئازادی مافی هەموو کەسێکە، هاوڕێمان سولەیمان ئەحمەدیش لەلایەن خیانەتکارانی پەدەکە دەستبەسەر کرا و دواجار بە سێ ساڵ زیندانی سزا درا.

 

"دەبینە دەنگی ئەو کەسانەی کە ئازادییان دەوێت"

وەک هاوکارەکانیان بڕیاری لەسێدارەدان و فشارەکانی پەدەکە لە بەرنامەی کاردا دەهێڵینەوە و بەم شێوەیە سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ کردەوە دڕندەکانی ڕژێمی ئێران و پەدەکە لەسەر ڕاگەیاندنەکان ڕادەکێشین، ئێمە جارێکی تر ئیرادەی خۆمان نیشان دەدەین کە کارەکانمان گەورەتر دەکەین, پشتیوانی لە هەموو هەوڵەکان دەکەین بۆ ئاشکراکردنی کردەوەکانی ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە و بە بڵاوکراوەیەکی کاریگەرتر خیانەتەکەی پەدەکە بە ڕای گشتی کوردستان و جیهان نیشان دەدەین.

 

بانگهێشتنامە بۆ لایەنە  بەرپرسیارەکان

 بە پێنووس و کامێراکانتان دەنگی پەخشان و شەریفەو سلێمان ئەحمەدو هەموو ئازادیخوازان بن، ئێمە تا ئازادی ژنان و هەموو گەلانی ستەملێکراو مسۆگەر بکرێت و هێڵی خیانەتکار لە کوردستان نەمێنێت، خەبات دەکەین، بۆیە داوا لە ڕژێمی ئێران دەکەین لەو بڕیارە بکشێتەوە، هەروەها داوا لە سەرجەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی ژنان و دامەزراوەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ دەکەین ئاگاداری خواستەکانی ژنان بن بۆ ئازادی و پاڵپشتی ئەوانەبن کە ئازادییان خۆشدەوێت، جگە لەوەش داوا لە ڕاگەیاندنی دیموکراتیک و ئازادیخواز و ئۆپۆزسیۆنی جیهان دەکەین کە دەنگی ئەم دیلانەی ئازادی بن کە خەریکە لەسێدارە دەدرێن، پێمان وایە بە پشتیوانییەکی بەهێز و کاریگەریی ڕۆژنامەگەری، دەتوانین ئەم دەسەڵاتە سەرکوتگەرە لە بڕیاری لەسێدارەدان ڕابگرین”.

 

ڕاگەیاندنەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.