بۆ ماوەی ٢٣ ساڵە هەم بەرپرسیاری سیاسی و هەم بکەر پارێزراون!

٢٣ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەی ١٩یکانوونی یەکەمدا تێدەپەڕێت کە تیایدا زیندانییەکان بە زیندوویی سوتێندران و ناویان لێنا "ئۆپەراسیۆنی گەڕانەوە بۆ ژیان،" تا ئێستا بەرپرسیارانی سیاسی کۆمەڵکوژییەکە لێپرسینەوەیان لێنەکراوەو، بکەران سزانەدران.

دەلال ساری

 

ناوەندی هەواڵ-زیندانەکانی جۆری F لە تورکیا بۆ یەکەم جار لە ٨ی ئایاری ٢٠٠٠ لە سنجان، بۆلو، کاندیرا، ئەدیرنە، تەکیرداغ و ئیزمیر کرکلار تەواوکران، لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٠٠، عەلی سوات ئەرتۆسن، بەڕێوەبەری گشتی زیندانەکان، وتی: " هەموو جۆرە خۆپیشاندانێکمان لەبەرچاو گرت. بە دڵنیاییەوە ئەوان دەچنە سەر جۆری F و ئەم کێشەیە کۆتایی دێت.

 

لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٠، زیندانییە سیاسییەکان مانگرتنیان لە خواردن کرد دژی سیستمی جۆری F و کردارەکانی گۆشەگیری، ژمارەیەک لە زیندانیانی سیاسی مانگرتنەکەیان کرد بە ڕۆژی مردن لە ٤٥ەمین ڕۆژی دوای ئەوەی داواکارییەکانیان قبوڵ نەکرا، لەو کاتەدا حکومەتێکی هاوپەیمانی هەبوو کە لە پارتی چەپی دیموکراتیک "DSP" ، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی "MHP" و پارتی ئەناڤاتان "ANAP" پێکهاتبوو.

 

بە زیندوویی سووتێندران

هەروەها هەوڵەکانی ڕۆشنبیران و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەگەڵ وەزارەتی داد شکستیان هێنا، لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠، ئۆپەراسیۆنێک بە ١٠ هەزار سەرباز لە ٢٠ زیندان دوای کۆبوونەوەیەک لە نێوان بولەنت ئیچەڤیت، سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتە و جێگرەکەی حوسامتین ئۆزجان و حیکمەت سامی تورک، وەزیری داد و سەدتین تانتان، وەزیری ناوخۆ لە دژی زیندانەکان دەستیپێکرد، بیانووی ئۆپەراسیۆنەکە بۆ وەستاندنی مانگرتن لە خواردن بە ئامێرەکانی کار و چەک و بۆمبی گاز و چەکی کیمیایی بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام بوو، سات بە سات لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن پەخشکراو بە زیندوویی سووتێندران ٣٠ زیندانی کوژران، نزیکەی ٣٠٠ زیندانی سزادراو بریندار بوون.

 

لە ڕاپۆرتێکدا کە لەلایەن پسپۆڕانی پزیشکی دادوەرییەوە ئامادەکراوە، ماددەی سووتاو لەسەر پارچە جلوبەرگ و لاشەی زیندانییە ژنە سووتاوەکان دۆزراوەتەوە، لە هەمان ڕاپۆرتدا ئاماژە بەوە کراوە کە ٢٠ گرام لە ماددەی چالاکی ئەو بۆمبانەی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەکارهێنراون لە ماوەی ٣٨ خولەکدا خەڵکی کوشتووە و ٤٥ بۆمبی نەتەقێندراو لە هەمان ناوچە دۆزراونەتەوە، هەروەها هەندێک لە زیندانییەکان دوای ئەوەی لە دوورەوە تەقەیان لێکراوە گیانیان لەدەستداوە.

 

فاتمە یڵدرم: ئۆپەراسیۆنێکی کوشتن بوو

فاتمە یڵدرم، کە لەو کاتەدا لە زیندانی بایرامپاشا زیندانی کرابوو، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی میزۆپۆتامیا دەربارەی ئەوەی ئەزموونی کردبوو وتی: بەیانییەک بە دەنگی پاسەوانی شەومان کە وتی "ئۆپراسیۆنێک هەیە" بەخەبەرهاتین لە هەمان کاتدا، سەقفی زیندانەکەیان بڕی و بۆمبیان فڕێدا لەبەردەممان، ڕووی چەکەکانیان تێکردین، پەنجەرەی گەورەمان هەبوو. بە بەتانی گرتمان، بەڵام کاتێک بینیمان، دەستیان کرد بە دەستڕێژی گولـلە،  "گەڕانەوە بۆ ژیان" بەڵام ئۆپەراسیۆنێکی کوشتن بوو، تاکە داواکارییان ئەوە بوو کە بڵێن خۆبەدەستەوەدان.

 

هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەسەر کۆمەڵکوژییەکە نەکراوە

دوای کۆمەڵکوژییەکە، بەڵگەکان ڕەشکرانەوە، لە ڕاپۆرتەکاندا کە لەلایەن پسپۆڕانی دادوەرییەوە ئامادەکراون، دەرکەوتووە کە هەندێک بەڵگە ڕەتکراونەتەوە و ناکۆکی هەیە لە داتاکانی ڕاپۆرتی سەربازەکاندا، بەڵام هیچ لێکۆڵینەوەیەکی کاریگەر لەسەر بەرپرسیاران و تاوانباران نەکراوە، کاتێک تۆمەتبارەکان خەڵاتکران، کەیسەکانی دژ بە تۆمەتبارەکان ڕەشکرانەوە یان هەڵوەشێندرانەوە لەسەر بنەمای کات، عەلی سوات ئێرتۆسن، بەڕێوەبەری ئەوکاتی گشتی زیندانەکان، کە بە ڕۆڵی لە کۆمەڵکوژییەکەدا ناسراو بوو، لە ساڵی ٢٠٠٤ خەڵاتی "مەدالیای خزمەتگوزاری دەوڵەتی مەزن"ی پێدرا!

 

گۆشەگیری کە شێوازێکی ئەشکەنجەیە بەردەوامە

زیندانییە سیاسییەکان کە دەیانەوێت ژیانی خۆیان لە بارودۆخێکدا درێژەپێبدەن کە شایستەی شکۆمەندی مرۆڤ بێت، لە هەموو زیندانەکاندا ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ و جیاکاری دەبنەوە. لەو زیندانانەی کە گۆشەگیری بەهۆی ئەشکەنجەوە خراپتر دەبێت، زۆربەی مافەکانی زیندانییە سیاسییەکان وەک دەستگەیشتن بە تەندروستی و مامەڵەکردن، ئاسایش، پەیوەندی و ئازادی ڕادەربڕین پێشێل دەکرێن. کۆمەڵکوژییەکەی ١٩ی کانوونی یەکەم لەبیر نەکراو پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی بکەرانی کۆمەڵکوژییەکە.