شۆخان محەمەد: فێربوونی شۆفێری تەنها لێخوڕینی ئۆتۆمبێل نییە بەڵکو دروستکردنی متمانەیە بۆ ژنان

شۆخان محەمەد، وەک ژنێکی پێشەنگ لە دەڤەری ڕاپەڕین، لە ڕێگەی نوسینگەی ئاساوە هەوڵ دەدات کولتووری شۆفێری لەناو ژناندا بەرەوپێش ببات، دەشڵێت: فێربوونی شۆفێری تەنها لێخوڕینی ئۆتۆمبێل نییە، بەڵکو دروستکردنی متمانەیە بۆ ژنان.

ڕانیە

 

 لە کۆمەڵگەدا هەمیشە ژنان بە دوای دۆزینەوەی دەرفەتێکدا گەڕاون بۆ ئەوەی بێنە دەرەوە و ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، لە شاری ڕانیەش، شۆخان محەمەد، وەک مامۆستا و ڕاهێنەر لە نوسینگەی ئاسا بۆ فێربوونی شۆفێری ژنان، توانیویەتی خەونی زۆرێک لەو ژنانە بەدی بهێنێت کە خوازیاری بەدەستهێنانی مۆڵەتی شۆفێری بوون، بەڵام بەهۆی نەبوونی ژینگەیەکی گونجاوەوە دوودڵ بوون.

 

''ژن لەگەڵ ڕەگەزی خۆی هەست بە ئارامی زیاتر دەکات''

شۆخان محەمەد دەربارەی بیرۆکەی کردنەوەی نوسینگەكە، وتی:  دەمێک بوو حەزمان دەکرد کارێک بۆ ژنان بکەین تا بتوانن بێنە دەرەوە، هەروەها زۆرێک لە ژنان ئارەزووی ئەوەیان هەبوو فێری شۆفێری ببن و مۆڵەتیان هەبێت، بەڵام شوێنێکی ئارام یان ڕاهێنەرێکی ژن نەبوو کە لەگەڵیدا فێر ببن، هەروەها سروشتی مرۆڤ وایە هەمیشە لەگەڵ ڕەگەزی خۆی زیاتر هەست بە ئارامی و ئاسوودەیی دەکات، بۆیە بڕیارماندا لەگەڵ کۆمەڵێک ژن پێکەوە ئەم نوسینگەیە دابمەزرێنین و ئەو بۆشاییە پڕ بکەینەوە.

 

''لە ڕووی تواناوە جیاوازی لەنێوان ژن و پیاودا نییە''

وتیشی: لە کۆمەڵگەی ئێمەدا لە کۆندا دەرفەتی ئاوا بۆ ژنان نەڕەخساوە، ژنان زیاتر خەریکی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بوون، هەروەها لە دوای ساڵی ٢٠٠٠ەوە ژنان دەستیان دایە کاری بەرگدووری و ئارایشتگا، بەڵام ئێستا دەبینین ژنان دەیانەوێت فێری شۆفێری ببن، هەروەها هەرچەندە لە ڕووی تواناوە جیاوازی لەنێوان ژن و پیاودا نییە، بەڵام بۆ دەستپێک ژنان لەگەڵ ڕەگەزی خۆیان ئاسوودەترن.

 

''ئێستا پیاوان پاڵپشتییەکی زۆرمان لێدەکەن''

لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: سەرەتا لەگەڵ هاوڕێکانم ڕووبەڕووی ڕەخنە و توانج بووینەوە، بەتایبەت لە کاتی ڕاهێنانەکاندا، بەڵام لەبەرئەوەی خەڵکی ڕانیە پێشکەوتوون، بە تێپەڕبوونی کات پێشوازییەکی گەرمیان لێکردین، تەنانەت ئێستا پیاوانیش پاڵپشتییەکی زۆرمان لێدەکەن، هەروەها جاران دەگمەن بوو ژن مۆڵەتی شۆفێری هەبێت، بەڵام ئێستا باوک یان برا کاتێک ژنە گەنجەکانیان دەگەنە تەمەنی ١٨ ساڵی دەیانهێنن بۆ ئەوەی مۆڵەتی شۆفێری دەربکەن.