بە هۆی سوتاندنی کامپەوە زیان بەر دانیشتوانەکەی دەکەوێت

بە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە کامپێکی شاری هەولێر پێنج ژن و منداڵ سوتان.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر ڕایگەیاند لە کامپی دارەشەکرانی سنوری پارێزگای هەولێر، بە هۆی بڵاوبوونەوەی غازی زۆپاوە، یەکێک لە ماڵەکانی کامپەکە گڕی گرتووە و بە هۆیەوە دوو ژن و سێ منداڵ سوتاون، لە ئێستاشدا لەژێر چاودێری پزیشکدان.

بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی چەندین ڕێنمایی دەربارەی بەکارهێنانی سۆپای غاز بڵاوکردەوە، وەک پێکەوە نەبوونی کارەبا و غاز، نەبردنە ژوورەوەی بتڵێ غاز و  پێویستیشە هەواگۆڕکێ بەردەوام هەبێت.

 

لە ماوەی ڕابردووشدا لە کامپی چەمشکۆی ئاوارە ئێزیدییەکان لە قەزای زاخۆ بە هۆی شۆرتی کارەباوە ئاگر دەکەوێتەوە و زیانێکی زۆر بەر خێوەت و کەلوپەلی ئاوارەکان دەکەوێت.

پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لە ١٨ی ئەم مانگەدا گردبوونەوەیان لە بەردەم نوسینگەی نەتەوە یەگرتووەکان لە شاری هەولێر کرد و داوایان کرد پێداویستی ناو  کامپەکە و خزمەتگوزارییەکانی ڕێگە و نەخۆشخانە و قوتابخانەیان بۆ دابینکەن.

 

ڕووداوەکانی ئاگر کەوتنەوە لە کامپەکان بە هۆی غاز و کارەبا و خۆکوشتنی ژنان و گەنجان لە ناو کەمپەکاندا، بەڵگەیەکن بۆ خراپی دۆخی کامپەکان و نەبوونی خزمەتگوزاری و پێشێلکردنی مافەکانیان، هەتا ئێستاش بەپێی پێویست ڕێکخراوەکانی هاریکاری نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە دەنگ داواکاری و دابینکردنی پێداویستی کامپنشینانەوە نین.

 

ت.پ