"بە هێرش و کۆمەڵکوژی ناتوانن بمانکوژن"

ژنانی کۆچبەری عەفرین کە لە ناوچەی بەرخۆدان لە تل ڕەفعەت دەژین، کاردانەوەی خۆیان لە دژی لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیا دەربڕی و وتیان: هیچ کەسێک ناتوانێت بەرخۆدانمان سەرکوت بکات و بە هێرش و کۆمەڵکوژی بمانکوژێت.

هەسان محەمەد

 

شەهبا- شەوی ٢٣ی تشرینی یەکەم، دەوڵەتی داگیرکەری تورک جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر قەڵای بەرخۆدان لە تل ڕەفعەتی سەر بە کانتۆنی عەفرین-شەهبا کە هەزاران ئاوارەی عەفرینی تێدا نیشتەجێیە، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا کۆمەڵکوژیی خەڵکی مەدەنی ڕوویدا، ٤ هاوڵاتی مەدەنی کە ژن و منداڵ بوون گیانیان لەدەستدا، هەروەها ١٠ کەس بریندار بوون و بەشێکیان بەشێک لە جەستەیان لەدەستداوە، لەو ڕۆژەوە تا ئێستا هێرشە جینۆسایدەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە سەرانسەری ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە و ژێرخانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج، سەرەڕای هێرشەکان، خەڵکی ناوچەکە بە هەموو هێزی خۆیانەوە کاردانەوەیان هەیە بەرامبەر بە هێرشەکان و بەردەوامن لە بەرخۆدان.

 

ژنانی عەفرین کە کۆچیان کردووە بۆ ناحیەی تل ڕەفعەت، بۆچوونی خۆیان بەرامبەر بە هێرش و هەڕەشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەربڕی.

 

"ئێمە لە بەرخۆدانەکەماندا بە بڕیارین"

 

مریەم عومەر ڕایگەیاند، دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر خەڵکی مەدەنی و دەیانکاتە ئامانج و وتی: لەو کاتەی ئێمە لە عەفرینەوە کۆچمان کردووە و لە شەهبا نیشتەجێ بووین، هێرش دەکرێتە سەرمان، بەتایبەتی لە تل ڕەفعەت تا ئەم ساتە دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەڕێگەی هێرش و هەڕەشەکانیەوە خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا کۆمەڵکوژی بۆ سەر ئاوارەکانی عەفرین ڕوودەدات، لەگەڵ هێرشەکەی ٢٣ی تشرینی یەکەم، پێنجەمین کۆمەڵکوژی لە تل ڕەفعەت ڕوویدا، پەیام و قسەی ئێمە بۆ هەموو دەوڵەتان و بە پلەی یەکەم بۆ دەوڵەتی تورکیا ئەوەیە کە هیچ کەسێک ناتوانێت ئیرادەی ئێمە بشکێنێت و بە ئیرادە و بەرخۆدان لە مەیدانەکانی کۆچدا بەردەوام دەبین، ترسمان لە هێرش و تۆپەکانی دوژمن نییە، چونکە ئێمە خاوەن دۆزی ئازادی و دیموکراسیین، بەرخۆدانمان بۆ ئازادی کوردستانە.

 

"هێرش و کۆمەڵکوژی ناتوانن لەناومان ببەن"

نازلی ئۆزۆ ڕایگەیاند، بوونیان لەتل ڕەفعەت و بەرخۆدانیان دڕکێکە لە چاوی دوژمن و وتی: ئێمەی کۆچبەرانی عەفرین بەرەنگاری هێرش و گەمارۆدان و تۆپبارانی داگیرکەران دەبینەوە، ئامانجی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە هێرش و کۆمەڵکوژی ئەوەیە کە وامان لێبکات لەتل ڕەفعەتەوە کۆچ بکەین و بەرخۆدانمان بوەستێنین، بەڵام هەرگیز ناهێڵین دوژمنەکانمان بگەنە خەونەکانیان، گرنگ نییە باجەکەی هەرچییەک بێت، ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرخۆدان و هەرگیز پەشیمان نابینەوە، خاوەن شەهیدین، شانازییان پێوە دەکەین، داگیرکەری تورکیا لە شەهیدەکانمان دەترسێت، لە بوونی ئێمە دەترسێت، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە ئاژاوە و بە هێرشەکانی ناتوانێت بەرخۆدانمان لەت بکات و کۆمەڵکوژمان بکات، گەل لەتل ڕەفعەت درێژە بە ژیان و بەرخۆدانی خۆیان دەدەن و لە تۆپەکانی دوژمن ناترسن و ڕاناکەن.