بە دروشمی "ژن، خەبات، ژیان" کۆنگرەی یەکێتی ژنانی کوردستان دەستیپێکرد

لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی ژنانی چالاکوان و سیاسەتمەدار، لە کۆنگرەی یەکێتی ژنانی کوردستان، چەندین خەڵاتی ڕێزلێنانی شاناز ئیبراهیم خەیات خانمی یەکەمی عێراق، بەخشرایە ١٨ ژنە چالاکوان و داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان.

سلێمانی 

 

  پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢١ی نیسان، لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی، کۆنگرەی یەکێتی ژنانی کوردستان بە بەشداری کادر و ئەندامان و بە میوانداری نوێنەری بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان و ژنانی لایەنە سیاسییەکان دەستیپێکرد، سەرەتا بە خولەکێک وەستان و بە سرودی نیشتیمانی ڕێز لە شەهیدان گیرا، پاشان وتەی “ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد” خانمی یەکەمی عێراق و دواتر سینەفیزیۆنێک بە تێکست و ئاوازی  نەوژین محەمەد پێشکەش کرا، کورتە ڤیدیۆیەکیش بە ناونیشانی “ مشتێک لە خەرمانی کار و چالاکییەکانی یەکێتی ژنانی کوردستان”، پاشان وتەی بەڕێز “ کافیە سلێمان” سکرتێری یەکێتی ژنانی کوردستان، وتەی “ کنێر عەبدوڵا” لیژنەی ئامادەکار کۆنگرە پێشکەش کرا، لە کۆتایی کۆنگرەکەدا خەڵاتی ڕێزلێینان بەخشرایە ١٨ ژنە چالاکوانی مافەکانی ژنان، کۆنگرەی یەکێتی ژنانی کوردستان ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت و تیایدا سکرتێری نوێ و ئەندامانی سکرتاریەت و ڕەشنووسی نوێی کارکردنیان لە ڕێگەی دەنگدان و گفتوگۆکردنەوە دیاری دەکرێت.   

  

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراق پیرۆزبایی بەستنی کۆنگرەی کرد و تیشکی خستە سەر بەردەوامیدان بە کار کردن بۆ پرسی ژنان و مافەکانیان وتی: خەباتی ژنان لە شاخەکانی کوردستانەوە تا ئێستا لە شارەکاندا بەردەوامی هەیە، درێژەدان بە خەباتی ژنان ڵە لایەن جیلی نوێوە دەکرێت، تا ئێستاش ڕۆژانە ژنان لەژێر ناونیشانی شەرەفدا دەکوژرێن، هەوڵدانمان بۆ بەرەوپێشبردنی خەباتی ژنانە، توندوتیژیەکان لە لایەن پیاوانەوە  دیاردەیەکی قێزەونە لە کۆمەڵگەدا، پێویستە هەژموونی ژنان لە لایەن ژنەوە دروست ببێت، لە ئێستادا ژنان بە خاڵی کۆتا دەچنە پەڕلەمان، هیوادارم بەرنامەی کاری  کۆنگرەی یەکێتی ژنانی کوڕدستان باشترین هەڵسەنگاندنبێت بۆ کەموکوڕیەکانی ناو یەکێتییەکەتان، تا لە داهاتوودا کاری باشتر و تێکۆشانی زیاتر بۆ مافەکانی ژنان ئەنجام بدرێت، تا لە داهاتوودا کەمتر گوێمان لە کوشتنەکانی ژنان هەبێت.   

  

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری شاری سلێمانی، وتارێکی پێشکەشکرد و باسی لەوەکرد کە مێژوو سەلماندوویەتی ژنانی کورد خاوەنی چ ئیرادەیەکن، پێویستە ژنانی کورد شانازی بە مێژووەکەیانەوە بکەن و ناوی بەشێک لە ژنانی شەهیدی هێنایە زمان، وتی: پێویستە ئەم کۆنگرەیە قۆناغی بە کەمبینینی ژنان تێپەڕێنێت، تا ژنانی شۆڕشگێری وەک، حەلیمەخانی هەکاری، کوێخا نێرگزی شوان، مەستورەی ئەردەڵانی، خانزاد، قەرەفاتم، جەلالی خانی لوڕستانی، ڕیحان خانمی لوڕستان، میرزاخانی جاف، حەبیبی نالی،  عادیلە خانم، فاتیمە خانم، ڕحمەخانی کچی پیرەمێرد،  دایکی مستەفا پاشای یامولکی، ڕەوشەن بەدەرخان، جوانی گۆران، ڕابیعەخانی نانەوا، بەهێ خان، بەهێ مەعروف، شاناز ئیبراهیم، کافیە سلێمان، لەیلا قاسم، شەهید سنەوبەر، ژینا ئەمینی، ساکینە جانسز، فیدان دۆغانن و لەیلا سۆلمەز، ڕێباز و بەرخۆدانیان بەردەوامبێت.   

  

کافیە سلێمان، بە سەرۆکی فەخری یەکێتی ژنانی کوردستان هەڵبژێردرا و لە وتارێکدا باسی لە ئەرکەکانی لە ماوەی سکرتێری کردو وتی: ئەم کۆنگرەیە نوێبوونەوە لە یەکێتی ژناندا دروست دەکات، لە درێژەی کارو چالاکییەکانی یەکێتی ژنان بە هاوکاری ئەناامان وو ژنانی چالاکوان تواندراوە کار و خەباتمان بەردەوام لە خزمەت ژنانی کوردستاندا بێت، لە درێژەدان بە خەباتمان دەستکەوتەکانمان زیاتر دەبێت، بە یەکڕیزی و یەکبوونی ژنان هەوڵ بۆ بەدەستخستنی یەکسانی ژنان لە ناوچەکەدا دەدەین.   

  

هەروەها کنێر عەبدوڵا، وتاری لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی خوێندەوەو وتی: ئێمە وەک لیژنەی ئامادەکاری ڕەژنوسی پەیڕە و پڕۆگرامی ڕێکخراوەکەمان، کە ژمارەی لە هەشت ئەندام پێکدێت، ئەرکی لە نوسینەوەی پەیرەو پڕۆگرامەکانی ڕێکخراوی یەکێتی ژنان لە ئەستۆدایە، ماوەی زیاتر لە ساڵێک و زیاتر لە ٢٠ کۆبوونەوە، گەیستینە کۆتای کارەکانمان، پیاچونەوە بە سەرجەم کار و چالاکییەکان و پەیڕەوکردنی کارو چالاکییەکانی وڵاتانی دەرەوە، گونجاندنی ناوەڕۆکی لەگەڵ واقع و گونجاندنی لەگەڵ سەردەم و کۆمەڵگەی کوردیدا بگونجێت، لە ئێستادا کارەکان کۆتای پێدێت، سەرجەم ڕەشنووسەکە دەخرێتە بەردەم  لیژنەی بەڕێوەبردنی کۆنگرە، بە مەبەستی بڕیاردان و دەنگدان پەسەندکردنی تا ببێتە پەیڕەو پڕۆگرامی ڕێکخراوەکە لە کارکردنیاندا.   

  

کۆنگرەی یەکێتی ژنانی کوردستان ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت و تیایدا سکرتێری نوێ و ئەندامانی سکرتاریەت و ڕەشنووسی نوێی کارکردنیان لە ڕێگەی دەنگدان و گفتوگۆکردنەوە دیاری دەکرێت.