بە دروشمی "یەک نیشتمان و یەک نەتەوە" لە ڕانیە گەورەترین گردبوونەوە بۆ پشتیوانیی ڕۆژئاوا ئەنجامدرا

لە ڕانیە بە دەستپێشخەریی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی ڕاپەڕین و بە بەشداریی هەزاران خوێندکار و مامۆستا، گردبوونەوەیەکی شکۆدار بۆ پشتیوانیكردن لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو و تێیدا جەخت لە یەکێتیی نەتەوەیی کرایەوە.

ڕانیە


ئەمڕۆ لە بەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ڕاپەڕین لە شاری ڕانیە، گردبوونەوەیەکی بەرین بە بەشداریی سەرجەم خوێندنگە حکومی و ئەهلییەکان، فەرمانبەران و مامۆستایان بەڕێوەچوو. ئەم چالاکییە کە بە گەورەترین گردبوونەوەی جەماوەریی شاری ڕانیە دادەنرێت لەم ماوەیەدا، وەک پەیامێکی ڕوونی خەڵکی دەڤەرەکە بوو بۆ پشتیوانیكردن لە خوشک و برایانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان.

 

لە گردبوونەوەکەدا، بەشداربووان بە دەنگی بەرز دروشمەکانی "یەکێتیی کورد"، "یەک نیشتمان و یەک نەتەوە" و "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا"یان دەوتەوە. بەشداربووان جەختیان لەوە کردەوە کە سنوورە دەستکردەکان ناتوانن ڕۆحی یەکێتیی نەتەوەیی لەنێوان پارچەکانی کوردستاندا لێک جیابکەنەوە و ئازاری پارچەیەک، ئازاری هەموو کوردستانە.

 

ئەم چالاکییە دووەمین هەنگاوی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕاپەڕینە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا بۆ خاوەنداریکردن لە ڕۆژئاوا. دوێنێ لە هەنگاوی یەکەمدا، وانەی یەکەمی سەرجەم پۆلەکانی خوێندن لە سنوورەکە تەرخان کرابوو بۆ باسکردن لە خەبات و بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان و گرنگیی هەستی نەتەوایەتی لای نەوەی نوێ.

 

مامۆستایان و سەرپەرشتیارانی گردبوونەوەکە ئاماژەیان بەوە کرد، ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە نەوەی نوێ بە ڕۆحیەتێکی نیشتمانی و نەتەوەیی گۆش بکەن و پەیامی ئەوە بە جیهان بدەن کە کورد یەک چارەنووسی هەیە و لە هەر کوێیەک بێت پشتیوانی یەکترن.