بە دروشمی "هیوا لە ژێر گەمارۆدایە" ژنانی هیندستان هاودەنگی خۆیان بۆ ڕۆژئاوا دووپاتکردەوە
زیاتر لە ٢٠٠ ژن و ئەکادیمیست و هونەرمەندو کەسایەتییە میدیاییەکان لە هیندستان ڕاگەیاندراوێکیان بە ناونیشانی ''هیوا لە ژێر گەمارۆدان'' بڵاوکردەوە و تێیدا هاودەنگی خۆیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند.
ناوەندی هەواڵ
ڕاگەیاندنێک کە لەلایەن کەسایەتییە دیارەکانی هیندستانەوە واژۆ کراوە، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان و داننان بە خۆبەڕێوەبردن و گەرەنتیکردنی دەستکەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ژنان و دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی سەلامەتی ئاوارەکان بۆ ناوچە داگیرکراوەکانیان کردووە.
کۆمەڵێک لە ئەکادیمیستەکان، فێمینیستەکان، نووسەران، ڕۆژنامەنووسان، هونەرمەندان، سیاسەتمەداران و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە ویلایەتە جیاجیاکانی هیندستان ڕاگەیاندراوێکی هاوسۆزییان بۆ ڕۆژئاوا بڵاوکردەوەو هێرشەکانی سەر ناوچەکەیان شەرمەزار کردو داوای پێویستی بەرگریکردن لە شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا و پاراستنی ئەو دەستکەوتە دیموکراسییانەیان کرد کە بەهۆی سەرکردایەتی ژنانەوە بەدەستهاتوون، جەختیشیان لەوە کردەوە کە ئەم دەستکەوتانە نوێنەرایەتی مۆدێلێکی ناوازە دەکەن لە خەبات بۆ ئازادی و دادپەروەری.
ڕاگەیاندراوی هاوپشتی لەگەڵ ڕۆژئاوا بە ناونیشانی "هیوا لەژێر گەمارۆدان" بڵاوکرایەوە، پشتیوانییەکی بەربڵاوی لە ٢٢١کەسایەتی لە بوارە جیاجیاکان وەرگرت و جەختی لەوەکردەوە کە مۆدێلی دیموکراسی لەسەر بنەمای یەکسانی کە لەژێر سەرکردایەتی ژنان لە ڕۆژئاوا پەرەی سەندووە، نوێنەرایەتی سەرچاوەیەکی مێژوویی ئیلهامبەخشە نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ ژنانی ناوچەکە و جیهان بەگشتی.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو هێرشانەی ڕۆژئاوا دەکەنە ئامانج، ڕاستەوخۆ دەستکەوتەکانی ژنان و شۆڕش دەکەنە ئامانج، هەروەها داوای کۆتاییهێنانی دەستبەجێی ئەو هێرشانە دەکەن، ژمارەیەک کەسایەتی دیار لە بواری هونەر، ئەکادیمیا، میدیا، مافی مرۆڤ و سیاسەت بەشدارییان لە واژۆکردنی ڕاگەیاندراوەکەدا کرد.
''دەستەبەرکردنی دەستکەوتی ژنان''
واژۆکارانی ئەو ڕاگەیاندنە جەختیان لەوە کردەوە کە ئاشتییەکی بەردەوام و دادپەروەرانە تەنها بە گەرەنتی کردنی دەستکەوتی سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتی گەلی کوردستان و ژنەکانی بەدی دەهێنرێت، ئاماژەشیان بەوە داوە کە ئەو پێشهاتانەی دوای بانگەوازی سەفەربەری لە دژی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا هاتە ئاراوە، وەرچەرخانێکی سیاسی نوێیان خوڵقاندووە.
واژۆکاران جەختیان لە گرنگی پەرەسەندنی پڕۆسەی بەردەوامی ڕۆژئاوا کرد بۆ ئاشتییەکی بەردەوام و دادپەروەر و دیموکراسی، هەروەها ڕوونیان کردەوە کە ئەو داواکارییە کۆنکرێتیانەی کە لەلایەن ژنان و گەلی کورد لە ناوچەکەدا خراونەتەڕوو، دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لەنێو ژنانی هیندستاندا لێکەوتۆتەوە، هەروەها تیشکیان خستۆتە سەر بەردەمی بیروڕای گشتی وەک مۆدێلێک بۆ خەبات بۆ ئازادی و یەکسانی.
واژۆکارانی ڕاگایندراوەکە داوایان کردووە دان بەو مافانەدا بنرێت کە دەستوور بە گەلی کورد و هەموو گەلانی دانیشتووی ڕۆژائاوای بەخشیووە، وەک دانپێدانانی فەرمی بە خۆبەڕێوەبردن، پاراستن و زامنکردنی ئەو دەستکەوتە سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتیانەی کە ژنان لە ماوەی پرۆسەی شۆڕشدا بەدەستیان هێناوە، هەروەها دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی سەلامەت و خۆبەخشانە و شکۆمەندانەی ئەو کەسانەی بەهۆی شەڕەوە کۆچیان کردووە بۆ ناوچە داگیرکراوەکان، بەتایبەتی عەفرین و سەرێکانی.