بە دروشمی "هەتا ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگە ئازاد نابێت" لە سلێمانی ڕێپێوان کرا
لە سلێمانی بەبۆنەی ٨ی ئادار، بە ئامادەبوونی ژنانی چالاکوان و کرێکاران، ڕێپێوانێکی جەماوەری بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەو ژنان، بە پێشکەش کردنی شانۆو، ڕێپێوانی جەماوەری ڕێکخرا.
سلێمانی
ئەمڕۆ، لە بەردەرکی سەرا لە شاری سلێمانی، لە لایەن تۆڕی ٨ی مارس، بەبۆنەی ٨ی ئادار ڕۆژی تێکۆشانی ژنان، بە ئامادەبوونی ژنانی چالاکوان و داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان و ژنانی کرێکار، بە پێشکەش کردنی چەندین ڕاگەیاندراوو دروشمەکانی" تا ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگە ئازاد نابێت" ، "ژن، ژیان، ئازادی"، "بکوژانی ژنان بەسزا بگەن" کۆڕی هونەری و شانۆیی ک کە باسی لە کوشتنەکانی ژنان و توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان دەکرد، ئەمڕۆژە یادکرایەوە، پاشان ئاماری ساڵێک لە کوژتنی ژنان خرایەڕوو، کە زیاتر لە ٦۲ ژن کوژراون.
هاوکات بۆ ساڵی چوارەمی تۆڕی هەشتی مارس خەڵاتی یەکسانی بۆ ساڵی ۲٠۲٦، بەخشیە ڕازاو گوڵی، پارێزەر و چالاکەوان و ئەندامی تۆڕی ٨ی مارس، کە وەک ژنە تێکۆشەرێک بەردەوام بۆ مافەکانیژنان خەباتی ئەنجامداوە، پاشان بە وتنەوەی چەندین دروشم بە ڕێپێوانێکی جەماوەری لەبەردەرکی سەرای ئازادییەوە بەرەو باخی گشتی شاری سلێمانی بەڕێکەوتن، کە لەڕێگەی هۆنینەوەی کەزیەیەکی چەند مەتریەوە و چەندین دروشم و پەیامیان دەوتەوە، لە کۆتاییدا بە پشاندانی نمایشێک کە زام و ئەشکەنجەدانی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردیدا دەردەخست ، کۆتایی بە چالاکییەکانی ڕۆژی تێکۆشانی ژنانهات.
شەدە بەشیر، ئەندامی تۆڕی ٨ی مارس ئاماژەی بەوەکرد، کۆتایی هێنان بە کوشتنی ژنان ئەکی هەموومانە، کوشتنی ژنان درندانەترین چۆری توندوتیژییە بەرامبەر ژنان لە ماوەی ۲ مانگدا ۱٦ ژن کوژراون لە ماوەی ساڵێکدا زیاتر لە ٦٥ ژن کوژراوە، زەنگێکی مەترسیدارە بۆسەر کۆمەڵگەو ژنان، لەهەر ۱٠ خولەک جارێک ژنێک لە جیهاندا دەکوژرێت، حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار بێباکن لەکوشتنەکانی ژنان، لێرەوە داواکاریەکانمان بریتییە لەوەی لێبووردنی گشتی بکوژانی ژن نەگرێتەوە، کاروچالاکییەکان بۆ ژنانو هؤشیار بکرێنەوە، کەیسی کوشتن سوڵحی عەشایەری نەیگرێتەوە.
"یەنار کاری بۆ ژنان دەکرد تا بتوانێت کوشتن و توندوتیژیەکان بنەبڕ بکات"
کەژاڵ عەبدولقادر، ئەندامی تۆڕی ٨ی مارس، پەیامی ڕێکخراوی ئازادی ژن لە عێراق خوێندەوەو وتی: ملوێنان ئازادی خوازی ژنان لەسەر شەقامەکانن بۆ داواکردنی مافەکانی ژنانن، بەتوندی شەرمەزاری کوشتنی یەنار محەمەد دەکەین، لە کاتێکدا تیرۆرکرا کاری بۆ ڕۆژی ٨ی مارس دەکرد، دەستەپیسەکانی تیرۆر لە بۆ کپکردنی دەنگی ژنانی ئازاد تیرۆریان کرد، بەڵام نەیانتوانی ژنان لە تەواوی جیهان کپبکەنەوە، ژنان داوا لە دادگا دەکەن تاوانباران بەسزا بگەیەنن و سزای تەواوی بکوژان و هاندانی چالاکوانی ژنانی چالاکوان دەدەن دەستبەسەر بکرێن، ژنانی چالاکوان پارێزراو بمێننەوە، یەنار کاری بۆ ژنان دەکرد تا بتوانێت کوشتن و توندوتیژیەکان بنەبڕ بکات، ئایمە بەردەوام دەبین لەسەر کاروخەباتی یەنار محەمەد.
"ئامانجمانە کێشەکانی ژنانی کرێکار چارەسەر بکرێت"
چیمەن عومەر، ئەندامی تۆڕی ٨ی مارس وتی: کار بۆ نەمانی توندوتیژی دەکەین، ژنانی کرێکار لە کاتی کارکردن لە کارگەو شوێنی کارەکان ئەرکی بونیادنانیان هەیە، بەڵام لە سایەی سیستمی نادادی کاردا ڕوبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، جارێک وەک کرێکار جارێک وەک ژن ڕوبەڕووی توندوتیژی و دڕندەی دەبنەوە، هەروەک ژنێک لە شارەزوور لە شوێنی کارەکەی لە کارگەی ئاودا بە دوگیانی لە بەرزکەرەوەکەیدا دەکەوێتە خوارەوەوگیان لەدەستدەدات، بە موچەیەکی کەم ژنان کاردەکەن، ئامانجمانە کێشەکانی ژنانی کرێکار چارەسەر بکرێت تا ژنان بتوانن ئازادانە کارەکانیان ئەنجام بدەن.
ڕازاو گوڵێ، براوەی خەڵاتی یەکسانی، وتی: تۆڕی هەشتی مارس لە ماوە چوارساڵە دەنگمان لەبەدەستێنانی مافەکانی ژناندا هەبووە، ئەمڕۆش وەک هەموو ساڵەکانی دیکە لەڕۆژی تێکۆشانی ژنان بە بەیانامەو پێدانی خەڵات و پێشکەشکردنی زانیاری بە ژنانی دیکە هاتوینەتە سەر شەقامەکان و بەگژ ژنکوژاندا دەوەستینەوە، هەروەها وەستانە بۆ یەنار محەمەد کە ئەقڵیەتی تاریکپەرستی ڕوبەڕووی کوشتنی کردوەتەوە، ئەمانەوێت ژنان ڕوبەڕووی کوشتن و دەستدرێژی نەکرێنەوە، ئامانجمانە کوشتنەکان نەمنێت لە پێناوە ئازادی و پێکەوەی ژناندا بردەوام دەبین لە خەبات.
"دەسەڵات لەدەنگی ئازادی ژن دەترسن"
نیگار ڕەشید، مامۆستاو چالاکوانی بواری ژنان لە گەرمیان، وتی: ئەمڕۆ یادی تێکۆشانی ژنانە بەڵام بەداخەوە ئامارەکان بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە، لەجیاتی ئەمڕۆ پیرۆزبایی لە ژنان بکەین کە خەبات لەپێناو ژناندا دەکەن، بەڵام ژنانێک کە بەرخۆدان بۆ ئازادیژن دەکەن دەکوژن، وەک بینیمان جیهان تەها کاتێک وتی ژنان لە سیستمی سیاسیدا توندوتیژی بەرامبەر ژنان دەکەن شەهیدیان کردن، کەواتە دەسەڵات لەدەنگی ئازادی ژن دەترسن لە ژنی هۆشیار دەترسن، کەواتە ئێمە لە مڕۆژانەدا دەبێت هۆشیاربین.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: ئەمڕۆ لە ژنانی خەباتکار پیرۆزبێت هیوادارین ژن وەک مرۆڤ تەماشابکرێت لە فۆڕمی کاری ماڵو منداڵ دروستکردندا بێتە دەرەوە هیوادارم ئیتر لەمڕۆ بەدواوە ژنانێک نەکوژرێن.