بۆ چوارەم ڕۆژ خۆپیشاندانى خوێندکاران بەردەوامە

خۆپیشاندانى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ چوارەم ڕۆژ بەردەوامی هەیە و خوێندکاران جەختدەکەنەوە تاوەکو بەدەستهێنانى مافەکانیان بەردەوام دەبن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ٢٤ی تشرینی دووەم لە هەریەکە لە سلێمانى، هەڵەبجە، کەلار، کفرى و کۆیە خۆپیشاندانی خوێندکاران دەستیپێکردەوەو سوورن لەسەر داواکاریی سەرەکییان، کە دابینکردنی دەرماڵەیە، هەروەها دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ بەشە ناوخۆییەکان.

چوار ڕۆژە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە شارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، کۆیە، سەیدسادق، کەلارو دوو ڕۆژە لە هەولێر دەستیپێکرووە و تێیدا داوای پێدانی دەرماڵەکانیان دەکەن.

 

خۆپیشاندانەکانی سلێمانی بەهۆی ئەوەی لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ڕێگری دەکرێت، گرژی تێکەوتووەو لە ماوەی سێ ڕۆژدا دەیان خوێندکار برینداربوون.

 

هەر ئەمڕۆ خوێندکارانى زانکۆی هەولێری پزیشکیی، بۆ داواکردنی دەرماڵەکانیان لەناو حەوشەى بیناکەیان گردبوونەتەوە و لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ڕێگرییان لێکرا بچنە سەرشەقام و بۆ ئەو مەبەستەش دەرگای سەرەکیان لەسەر داخراوە، بەو هۆیەشەوە ئەو خوێندکارانە لەناو حەوشەى بینای بەشەکەیان گردبوونەتەوە.

 

لە دهۆکیش لەگەڵ ئەوەی دوێنێ ٢٣ی تشرینی دووەم ژمارەیەک خوێندکار گردبوونەوە، ئەمرۆ ڕێگری لە خوێندکاران کرا کە خۆپیشاندان بکەن و هێزێکی ئەمنی زۆر بڵاوەی پێکراوە.