بە چەندین چالاکی ئاگری نەورۆز لە بناری گۆیژە کرایەووە
لە ڕۆژی نەورۆزدا، لە شاری سلێمانی لە چەند شوێنێکی جیاواز ئاگر کرایەوە، لە بناری گۆیژەش بە ئامادەبوونی سەدان هاوڵاتی بە جلوبەرگی کوردیەوە ئاگر کرایەوە، ژنان و منداڵانیش وێڕای پیرۆزبای هیوای یەکبوونی کوردستان دەکەن. ناوەندی هەواڵ
لە ڕۆژی نەورۆزدا، لە شاری سلێمانی لە چەند شوێنێکی جیاواز ئاگر کرایەوە، لە بناری گۆیژەش بە ئامادەبوونی سەدان هاوڵاتی بە جلوبەرگی کوردیەوە ئاگر کرایەوە، ژنان و منداڵانیش وێڕای پیرۆزبای هیوای یەکبوونی کوردستان دەکەن
ناوەندی هەواڵ
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بناری گۆیژەی شاری سلێمانی بە بەشداری سەدان هاوڵاتی بە پۆشاکی کوردییەوە لەلایەن لیژنەی باڵای فیستیڤاڵی نەورۆز ئاگری نەورۆز کرایەوە.
لە کاتژمێر چواری پاشنیوەڕۆ ئاگری نەورۆز لە بناری گۆیژە کرایەوە، سەدان هاوڵاتی بەشداربوون، چەند چالاکییەکی وەک داستانی ١٢ سوارەی مەریوان و ئاهەنگی هاوسەرگیری لە ڕابردوودا کرا، چەند گۆرانیبێژێک سروودی "ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە" پێشکەش کرد.
منداڵان لە ئاهەنگەکەدا بە دڵێکی خۆش و جلی کوردییەوە، پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز دەکەن، زۆر حەزییان لەو جەژنەیە، چونکە وەک خۆیان دەڵێن دەچنە دەرەوە و لەگەڵ سروشت تێکەڵ دەبن و یاریدەکەن.
ژنانیش لە ئاهەنگەکەدا جگە لەپیرۆزبایی لە سەرجەم ژنانی کورد، پەیام دەنێرن بۆ ژنانی هەر چوارپارچەی کوردستان تا لەم ڕۆژەدا هەر وەک چۆن، ڕۆژی ئازادی کوردە لەدەست ستەمکار، ئەواش ژنان هەوڵ بۆ ئازادی بدەن، هاوشێوەی ڕازاندنەوەی ڕوخسارییان ناخیشیان بە ڕۆشنبیری و زانیاری بڕازێننەوە.
لە فیستیڤاڵەکەدا خواردن، جلوبەرگی کوردی، کاری دەستی نمایش دەکران، دەرفەتێکی گونجاو بوو بۆ ژنانی دەستڕەنگین تا بەرهەمەکانی خۆیان نمایش بکەن، لە نێویشیان یەکێک لە ژنەکان بە ناوی دایکی پەری لە کەلارەوە بۆ بەشداری لە ئاهەنگەکەدا هاتووە، خواردنی دروست دەکرد.
بۆنی شفتەکەی دایکی پەری کڕیارەکانی بۆ خۆی ڕادەکێشە، دەیوت زیاتر لە ١٥ ساڵە ئەم کارە دەکات، بەشداری زۆرێک لە چالاکییەکان دەکات، داواشی دەکرد ژنان هیچ کات بێکار دانەنیشن و هەوڵ بۆ داهاتی سەربەخۆی خۆیان بدەن.
پاش چالاکییەکە هاوڵاتیان بەیەکەوە بە گۆرانییە شادەکان لە ڕیزی هەڵپەڕکێدا هەڵدەپەڕین و جۆش وخرۆشی زیاتریان دەدا بە ئاهەنگەکە، ئەمە جگە لەوەی سەدان هاوڵاتی دیکەش بۆ سەیران ڕوویان کردبووە بناری گۆیژە.