بە بیانووی درێژی ڕاپۆرتەکانی دووبارە دادگایی کردنی بێریڤان ئەیوب دواخرا

بڕیاربوو ئەمڕۆ دادگایی کردنی بێریڤان ئەیوب چالاکوانی بادینان بەڕێوەبچێت، بەڵام دادگایی کردنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا. ناوەندی هەواڵ

بڕیاربوو ئەمڕۆ دادگایی کردنی بێریڤان ئەیوب چالاکوانی بادینان بەڕێوەبچێت، بەڵام دادگایی کردنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

ناوەندی هەواڵ

 

بێریڤان ئەیوب ماوەی ١٦ مانگە ڕاگیراوەو لە زیندان هێڵدراوەتەوە، لەو ماوەیەدا دووچاری چەندین فشار و کێشەی کۆمەڵاتی بووەتەوە، دادگاییكردنەكەشی بە ماددەی ١ی یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣یە، كە تایبەتە بە تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئەو هەرچەندە کە ڕێگەنادرێت پارێزەکانی بیبینن، ڕۆژی ١٤ی شوبات بڕیاربوو دادگایی بکرێت بەڵام بێ ئەوەی بێریڤان ببرێتە دادگا، بە بیانوی ئەوەی کوڕی دادوەرەکە تووشی ڕوداوی هاتوچۆ ببوو دادگایی کردنەکە دواخرابوو بۆ ئەمڕۆ ٢٨ی شوبات.

 

هەرچەندە ئەمڕۆ بێریڤان خۆی لە دادگا ئامادەبوو بەڵام دادگایی کردنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

 

لەو بارەیەوە ئاشنا عەبدوڵا پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان کە ئامادەی دانیشتنی دادگا بوو بۆ ئاژانسی نوژنها وتی: "ئەمڕۆ دادوەر بە بیانوی درێژی ڕاپۆرتەکانی و هەبوونی کەیسی دیکە لە دادگادا، دادگایی کردنی بێریڤانی بۆ ماوەیەکی نادیار دواخست".

 

ئاماژەی بەوەشکرد کە هەرچەندە دەبێت دوو گەواهیدەر هەبن بەڵام بۆ کەیسی بێریڤان یەک گەواهیدەر هەیە و ئەویش وتویەتی کە بێریڤان ناناسێت، هەروەها وێنەی گروپ چاتێک هەیە بۆ بایکۆت کردنی کاڵی تورکی لەهەمان کاتدا ئەوەش زۆر ناڕونە.

 

ئاشنا عەبدوڵا وتیشی: "بێریڤان ئامادەی دادگایی کردنەکە بوو بەڵام هیچ شتێکی دەربارەی کەیسەکەی نەوت و بیدەنگ بوو".