بۆ بەڕێوەبردنی بڕیاری ١٣٢٥ نوێنەری شاری سلێمانی هەڵبژێردرا
ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، تایبەت بە بڕیاری ١٣٢٥ نوێنەریان لەلایەن ١٥ ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنیەت لە شاری سلێمانی هەڵبژارد.
سلێمانی
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕێکخراوی لە بینای ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت-CDO، بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی سلێمانی، ڕاپەڕین، هەڵەبجە و گەرمیان لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای خانمان لەسەر بڕیاری ١٣٢٥ کۆبوونەوە.
١٨ ڕێکخراو بەشدارییان لە کۆبوونەوە کرد کە ١٥ ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و ٣ ڕێکخراوی جەماوەرین تێیدا تەنها ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی مافی دەنگدانیان هەبوو بۆ نوێنەری دیاری دەکرێت، ئامانجی کۆبوونەوەکە شیکردنەوەی چالاکی و کاری بڕیاری ١٣٢٥ بوو هەروەها لە كۆبونەوەکەدا ڕێکخراوێک هەڵدەبژێردرێت وەک هەماهەنگکار لە ناوچەکە جێبەجێکردنی کار و چالاکیەکان.
پەروین حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، دەربارەی کار و چالاکییەکان ڕایگەیاند: وەک ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان هەستاین بە دروستکردنی بۆردیکی تایبەت بە بڕیاری ١٣٢٥ و هەڵبژاردنی نوێنەرێک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ ئەنجامدانی کارو چالاکییەکانی بڕیاری ١٣٢٥ لە شاری سلێمانی، جگە شاری سلێمانی لە دوو پارێزگای دیکە نوێنەر هەڵدەبژێرین.
لە پاش دەنگدانی ڕێکخراوەکان شۆخان ئەحمەد، پارێزەر و بەڕێوەبەری "ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان" لە کۆی ١٥ دەنگ ١٤ دەنگی بەدەستهێنا و بووە نوێنەری ڕێکخراوەکان بۆ کاروباری بڕیاری ١٣٢٥.
بڕیاری ١٣٢٥ لە ساڵی ٢٠٠٠ لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە ناوی "ژن، ئاشتی، ئاسایش" دەرکرا، کە یەکەم بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشە لەبارەی ژنان دەرکرابێت، هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لە عێراق بەشداری لە جێبەجێکردنی بڕیاری ١٣٢٥دا کردووە، بەڵام هێشتا بەشێوەیەکی تەواو پلانەکان جێبەجێنەکراون.
ت.پ