بەبێ ئامادەبوونی کچان ئەنجامی تاقیکردنەوەی وەرگرتن لە ئەفغانستان ڕاگەیەندرا

دوو خوێندکاری کچ بە ناوەکانی سۆفیا مەلەک و فەوزیە حەمیدی، کە دەرچووی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بوون و بۆیان نەبوو بەشداری تاقیکردنەوەی وەرگرتن بکەن، باسیان لەوەکرد، بەبێ ئامادەبوونیان تاقیکردنەوەکان ئەنجامدرا.

بەهاران لاهیب

 

کابول- ئەنجامی تاقیکردنەوەی دەرچوون لە پۆلی ١٢ی ئامادەیی ڕاگەیەندرا و بەرزترین نمرە لەلایەن کوڕێکی پارێزگای فەرەحەوە بەدەستهات، ئەگەرچی ئەمساڵ بەهۆی حوکمی تاڵیبانەوە هیچ ژنێکی گەنج بەشداری تاقیکردنەوەی وەرگرتنی نەکردووە، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا ژنانی گەنج زۆرترین نمرەیان بەدەستهێناوە.

 

دوو خوێندکاری کچ بە ناوەکانی سۆفیا مەلەک و فەوزیە حەمیدی، کە دەرچووی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بوون و ئەمساڵ بۆیان نەبوو بەشداری تاقیکردنەوەی وەرگرتن بکەن، گلەییان لە بارودۆخی ئێستا و حکومەتی تاڵیبان کرد و ئاماژەیان بەوەدا، کە ڕۆژێک دێت حکومەتی تاڵیبان کۆتایی دێت و دەسەڵات بەدەست خەڵکەوە دەبێت.

 

ئەو دوو خوێندکارە دەڵێن: هۆکاری ئەوەی کە هەموو کوڕان هاتنە ناو زانکۆکان، نەبوونی کچە، زانکۆکان لەبری کچ کوڕانیان وەرگرتووە، ئەمەش لە کاتێکدا کوڕان وەک پێویست سوودمەند نین لە خولی زانکۆکان، چونکە بەشێک لە پرۆفیسۆرەکان بەهۆی ڕژێمی تاڵیبانەوە ناچاربوون وڵات بەجێبهێڵن و بەشێکی زۆری تریش کاتێک زانکۆکان داخران دەستیان لەکارکێشایەوە.

 

سۆفیا مەلەک دەڵێت: زۆر ئامادەکاریم کردبوو بۆ تاقیکردنەوەی وەرگرتن، بەڵام حکومەتی تاڵیبان ڕێگەی نەدا من و کەسانی وەک من بەشداری تاقیکردنەوەکە بکەین، من ویستم ئابووری بخوێنم و ببمە بازرگانێک بۆ ئەوەی یارمەتی ژنانی دیکە بدەم، بەڵام ئێستا بەنهێنی دەچمە خولی ئینگلیزی و پەیام بە کچەکانی تر دەدەم کە بێهیوا نەبن، دەسەڵاتی تاڵیبان کۆتایی دێت و ئێمەش درێژە بە خوێندن دەدەین.