بۆ ٢٥ی تشرینی دووەم ژنان لە سویسرا چالاکییان ئەنجامدا
بۆ ٢٥ـی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، لە چەند شارێکی سویسرا، ژنان چالاکیی شەوانەیان ئەنجامدا.
ناوەندی هەواڵ
بۆ ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە زوریخ و لۆزان و بازل و بێل و چەندین شاری دیکەی سویسرا، ژنان چالاکییان ئەنجامدا. لە چالاکییەکاندا، چالاکوانانی یەکێتی ژنانی کورد لە سویسرا "یەژەکە_سویسرا" بە پانکارتەکانی خۆیانەوە بەشداربوون.
لە شاری لۆزان، ژنان ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا. بۆ یادکردنەوەی ئەو ژنەی کە هەفتەی ڕابردوو لە لۆزان کوژرا، لە شوێنی کوژرانەکەی خولەکێک بەبێدەنگی وەستان، پاشان جەماوەری گەل مۆمیان داگیرساند و گوڵیان دانا، و درێژەیان بە ڕێپێوانەکەیان دا. لەکۆتایی چالاکییەکەدا ڕاگەیاندراو بە ناوی ڕێکخراوەکانی ژنانەوە خوێنرایەوە، لەوانەش ڕاگەیاندراوی یەژەکە_سویسرا.
لە شاری بێلی سویسرا، بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوەکانی ژنانی وەک مانگرتنی ژنان (Frauenstreik) و یەژەکە_سویسرا، ڕێپێوانێک ئەنجامدراو لەسەر ناوی ژنانی کورد ڕاگەیەندراوێک خوێنرایەوە، تێیدا جەختکرایەوە کە توندوتیژیی دژی ژنان بابەتێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو کێشەیەکی سیاسییە.
لە ڕێپێوانەکەدا دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە.