تاژێ لە شنگال دوو وتار ساز دەکات لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٢٥ی تشرینی دووەم
تاژێ دوو وتاری هاوکاتی لە شارۆچکەکانی تل عەزیر و خانسۆر لە شنگال سازکرد بۆ تاوتوێکردنی پرسی توندوتیژی دژی ژنان و جەختکردنەوە لەسەر گرنگی خۆڕێکخستنی ژنان.
شنگال
لە چوارچێوەی زنجیرە چالاکییەکانی ٢٥ی تشرینی دووەمدا، تاژێ دوو سیمیناری لە کۆمینی گشتی لە هەردوو شارۆچکەی تل عەزیز و خانەسۆر لە شنگال ساز کرد، سیمینارەکان تیشکیان خستە سەر واتا و گرنگیی ئەم ڕۆژە، ڕەگ و ڕیشە مێژوویی و نەریتە پەیوەستەکانیان بە توندوتیژیی دژی ژنانەوە خستە ڕوو، لەگەڵ پێداگریکردن لەسەر پێویستیی تەواوکاریی ڕۆڵی ژنان و پیاوان بۆ بونیادنانی "ژیانێکی هاوبەش و ئازاد".
لە میانەی هەردوو چالاکییەکەدا نمایشی ڤیدیۆیی (سنفزیۆن) پێشکەش کران کە بە تایبەتی بۆ تیشکخستنە سەر ئاماژەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ئامادە کرابوون، دواتر دانیشتنی گفتوگۆی فراوانیان بەدوادا هات، بەڕێوەبردنی ئەو سیمینارەی لە تل عەزیز ڕێکخرا لەلایەن ڕیهام حەسەن، وتەبێژی دەستەی هەماهەنگیی بزووتنەوەکەوە سەرپەرشتی کرا، لە کاتێکدا سیمینارەکەی تر لەلایەن ڕیهام حجۆ، ئەندامی لیژنەی دیپلۆماسیەوە بەڕێوە برا.
خوشکانی میرابێل دژی توندوتیژی شۆڕشیانکرد
ڕیهام حەسەن ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەمی وەک "ڕۆژی تێکۆشان" پێناسە کرد، تیشکی خستە سەر خەباتی خوشکانی میرابێل و وتی: ڕەنگە هەندێک بپرسن بۆچی ئەمڕۆ یادەوەریی ڕووداوێک دەکەینەوە کە لە ساڵی ١٩٦٠ ڕووی داوە، خوشکانی میرابێل بە بوێرییەوە دژی دیکتاتۆرییەت لە وڵاتەکەیان تێکۆشان، بەمەش پێشەنگایەتیی کۆمەڵگەکەیان کرد، بەهۆی تێکۆشانیانەوە، هەر سێ خوشکانی میرابێل لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ١٩٦٠ بە شێوەیەکی دڕندانە تیرۆر کران، لە دوای تیرۆرکردنیان، گەلی کۆماری دۆمینیکان شۆڕشیکرد و کۆتایی بە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت هێنا، لە ساڵی ١٩٩٩، ئەم ڕێکەوتە بە فەرمی وەک ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان پەسەند کرا.
هەروەها تیشکی خستە سەر ئەو توندوتیژییەی دژی ژن ئەنجام دەدرێت، کە تێیدا لەو هێرشانەی دەکرێنە سەر کۆمەڵگەکان، سەرەتا ژنان دەکرێنە ئامانج، هەروەک چۆن لە کاتی هێرشی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ ڕووی دا، مێژووی کۆمەڵگەی ئێزدی پشت بە نەریتێکی دێرینی بەرخۆدانی ژن دەبەستێت، کە لە کەسایەتییە مێژوویی و هاوچەرخەکانی وەک زەریفە ئۆسێ، جەیلان، بێریڤاندا بەرجەستە بووە.
تیشکیشی خستە سەر گرنگیی فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە ئازادیی ژن بە بنەمایەکی دەستبەردارنەبوو دادەنێت بۆ ڕزگاربوونی تەواوی کۆمەڵگە، نەبوونی پەروەردە و خۆڕێکخستن ژن ڕووبەڕووی چەوساندنەوە دەکاتەوە، هەروەها گەشەکردنی هۆشیاری بەم بیرۆکانە لە دوای جینۆسایدەکە پاڵی بە ژنانی ئێزدییەوە نا خۆیان ڕێک بخەن و تاژێ و یەکینەکانی ژنانی شنگال (YJŞ) وەک دیارترین وەڵام بۆ ئەوەی بەسەریاندا هات دابمەزرێنن.
ڕیهام حەسەن پێداگریی کرد لەسەر تێگەیشتنی قووڵی ژنانی ئێزدی بۆ واتا و گرنگیی ئەم ڕۆژە، ئاماژەی بە بەرپرسیارێتیی هاوبەشی ژنان و پیاوان کرد و وتی: بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو شێوازەکانی توندوتیژی، ئێمە لە تاژێ چەندین چالاکی و کەمپەینمان ئەنجام داوە، لەوانە کەمپەینەکەمان بە ناوی ”خۆت مەکوژە، چونکە هەر تاوانێکی کوشتن فەرمانێکە”، چارەسەرکردنی ئەم پرسە دەکەوێتە ئەستۆی ژن و پیاو پێکەوە وەک دوو هاوبەشی کۆمەڵگە، ئەمەش پەروەردەکردنی هەردوو ڕەگەز دەخوازێت بۆ کۆتاییهێنان بەو توندوتیژییەی دژی ژن ئەنجام دەدرێت.
دووپاتیکردەوە، کە سەختترین وێنەی ئەو توندوتیژییەی ژنانی ئێزدی ڕووبەڕووی بوونەتەوە، بریتییە لە بەردەوامیی بەدیلگرتنی هەزاران کەسیان لەلایەن داعشەوە تا ئەمڕۆ، پێویستە ژنان و پیاوان دەست بخەنە ناو دەستی یەکتر و پێکەوە دەنگیان دژی توندوتیژی بەرز بکەنەوە، چونکە بەبێ یەکخستنی هەوڵەکانمان ناتوانین ژیانێکی هاوبەش و ئازاد بونیاد بنێین، و تەنها بەوەش دڵسۆز دەبین بۆ قوربانیدانی شەهیدەکانمان، بۆ کاروانی تێکۆشانێک کە ١٢ ساڵە بەردەوامە، بۆ مێژووی بەرخۆدانی ئێزدی.
توندوتیژی تەنها وەک توندوتیژیی جەستەیی سەیر دەکرێت
سەبارەت بە سیمیناری کۆمینی گشتی لە شارۆچکەی خانەسۆر، ڕیهام حجۆ وتارەکەی بە جەختکردنەوە لەسەر ئاماژەی ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم دەست پێ کرد، چالاکییە ساڵانەکانی تاژێی خستە ڕوو و وتی: تەڤگەرەکەمان ساڵانە پەرۆشە بۆ ڕێکخستنی زنجیرەیەک چالاکی بەم بۆنەیەوە، چونکە توندوتیژی دژی ژن دیاردەیەکی جیهانییە کە هەزاران ساڵە درێژەی هەیە و تەنها تایبەت نییە بە شنگال یان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ئێمە لە شنگال بەدەست کەموکوڕییەکەوە دەناڵێنین لە تێگەیشتنی سروشتی ئەم توندوتیژییە، کە زۆرجار تەنها لە دەستدرێژیی جەستەییدا کورت دەکرێتەوە، شێوازەکانی تری کە زۆر توندترن پشتگوێ دەخرێن، وەک توندوتیژیی دەروونی کە زۆر بڵاوە، پیاوان وەک شتێکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن کە مافی ئەوەیان پێ دەدات هەر قسەیەک ئاراستەی ژنان بکەن، ئەمەش کاریگەریی دەروونیی قووڵ لەسەریان بەجێ دەهێڵێت.
هەروەها باسی لەوەش کرد، کە بە توندوتیژیی "دەسەڵاتی پیاوسالاری و دەوڵەت" پێناسەیکرد، وتی: مافەکانی ژن لە دەستووری وڵاتە جیاوازەکاندا پەراوێز دەخرێن، توندوتیژی دژی بە چەندین شێوە شەرعییەتی پێ دەدرێت، وەک دەستووری عێراق بەهای شایەتیی ژن کەم دەکاتەوە بەوەی شایەتیی یەک پیاو یەکسان دەکات بە شایەتیی دوو ژن، هەروەها لە کاتی جیابوونەوەدا دایکان لە مافی بەخێوکردنی منداڵ بێبەش دەکات لە بەرژەوەندیی پیاوان، سەرەڕای ستەمکردن لە مافی میراسدا،لەسەر ئاستی جیهانیش، هێشتا ڕەتکردنەوە لە بوون و ئیرادە و ناسنامەی ژن بەردەوامە.
ڕیهام حجۆ قسەکانی بە ئاماژەدان بە بەردەوامیی هەژموونی عەقڵییەتی پیاوسالاری لە ناو کۆمەڵگەی ئێزددا کۆتایی پێ هێنا، پێداگریی کرد لەسەر پێویستیی یەکگرتنی ژنانی ئێزدی و خۆڕێکخستنیان لە ژێر چەتری تاژێدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڕاستیە.
قبوڵنەکردنی چەوساندنەوە و ستەم

جانۆ شنگالی، یەکێک لە بەشداربووانی سیمیناری کۆمینی گشتی لە شارۆچکەی خانەسۆر کە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەسترابوو، ئاماژەی بە ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە کرد و وتی: بەرەنگاربوونەوەی ئەو توندوتیژییەی دژی ژن ئەنجام دەدرێت پێویستی بەوەیە ژنان کار بکەن بۆ پەروەردەکردنی خۆیان و ڕەتکردنەوەی هەموو شێوازەکانی ستەم و چەوساندنەوە، چونکە ئەو توندوتیژییەی دەکەوێتە سەریان لایەنی جەستەیی تێدەپەڕێنێت تا وێنەی تریش بگرێتەوە کە دەبێت هەموویان لەناو ببرێن.
لە کۆتای قسەکانیدا وتی: خۆڕێکخستنی ژنان گرنگییەکی ئێجگار زۆر لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا بەدەست دەهێنێت، بەو پێیەی ئەوان پایەی سەرەکین کە لە جەوهەردا کاروباری کۆمەڵگە بەڕێوە دەبەن، هەر کاتێک ژنان ڕێکخراو و کارا بوون، ئەستەم دەبێت بۆ هەر لایەنێک بتوانێت سەرکوتکاری و ستەمکاری بەسەر ئەو کۆمەڵگەیەدا بسەپێنێت.