ڕاز ئارام؛ تاکە ژنی میدیاکار لە شارۆچكەی پێنجوێن
بوونی ژنان لەناو میدیادا رێژەی لەزیادبوونە، بەڵام هەندێک ناوچە هەن خاڵین لە بوونی ژنی میدیاکار، یەکێک لەوانە شارۆچکەی پێنجوێنە، هەتا ساڵێک بەر لە ئێستا ڕاگەیاندن تەنها وێنەی پیاوان بوو، بەڵام ڕاز ئارام ئەو ڕێچکەیەی شکاندو ئێستا تاکە ژنی میدیاکاری پێنجوێنە
میهرەبان سەلام
پێنجوێن-لە شارۆچکەی پێنجوێن، کە ناوچەیەکی سنووری و کەمتەرخانەی میدیاییە، شارۆچکەیەک کە کاری میدیا تەنها هی پیاوان بووە، بوونی ژنێک کە بە شێوەیەکی پیشەیی لە بواری ڕۆژنامەوانی و میدیا کار دەکات، هەنگاوێکی گرنگ و بەرەو پێشە، ئەو ژنە، وەک تاکە میدیاکاری ژن لە پێنجوێن، توانیویەتی دەنگی هاوڵاتیان بگەیەنێت و بابەتە کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەکان بخاتە بەر باس کردن.
بوونی ژنێک لە ناو میدیا، تەنها دەنگێکی نوێ نییە، بەڵکو متمانەیەکە بۆ منداڵانی کچ و ژنانی دیکە تا بزانن دەتوانن لە هەر بوارێکی ژیاندا سەرکەوتوو بن. ئەم نموونەیە دەریدەخات کە لەگەڵ ویست، ماندووبوون و پشتگیری کۆمەڵگە، ژنان دەتوانن ڕۆڵێکی کاریگەر لە گەشەپێدانی میدیا و کۆمەڵگا بگێڕن.
ڕاز ئارام سەبارەت بە کارەکانی و دەستپیکی کاری میدیایی قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.
" تاکە کچم لە پێنجوێن دا کاری میدیایی دەکەم"
میدیاکار ڕاز ئارام وتی: دانیشتووی شارۆچکەی پێنجوینم و ماوەی یەک ساڵە دەستم کردووە بەکاری ڕاگەیاندن و ماوەی یەک مانگە بەکرداری کار دەکەم، تاکە کچی میدیاکارم و لە پێنجوێن میدیاوە کاری پەیامنێری دەکەم، ماوەی مانگیکە دەستم بەکاری مەیدانی کردوە لەماوەی ئەو مانگەدا ، زۆر بەباشی کارەکانم بەڕێوە چووە، هەروەهاخۆشحالم کە تاکە کچم لە پێنجوێن دا کاری میدیایی دەکەم و لە پێنجوێن میدیاوە دەرکەوتووم
"هاوڵاتیان زۆر پشگیری کارەکانمن"
ئاماژەی بەوەشکرد، کارکردن لە بواری میدیا لە ناوچەیەکی وەک پێنجوێن ئاسان نییە، بە تایبەتی بۆ ژنان، سنوورداری کۆمەڵایەتی، کەمی دەرفەتی کار و هەروەها ئەو بەرپرسیارییەی کە میدیاکار لە بەردەمیدا دەوەستێت، هەموویان ئاستەنگن. بەڵام بە هیوای خزمەتکردنی کۆمەڵگە بەردەوامە لە گواستنەوەی ڕاستییەکان و نیشاندانی کێشە و سەرکەوتنەکانی شارەکە، بەتایبەت لە میدیایەکی ناوخۆییەوە، بەڵام پشگیری خەڵک گرنگەو خەڵکی ناوچەکە کارەکەی بە گرنگ دەزان، وتی: سوپاس بۆ خوا، خەڵک زۆر پشگیرمن و باشن لەگەڵم بەردەوام پشگیریم دەکەن.
سەبارەت بەوەی راگەیاندن چی پێبەخشیوە؟ راز ئارام وتی: راگەیاندن زۆر شتی پێبەخشیوم ئەویش ناوبانگی باش وخەلک بەباش باسم دەکەن و ناوبانگم رۆشتووە.
"داوا لە ژنان دەکەم ئازایانە وەرنە دەرەوە بۆ کار کردن"
لە کۆتایی قسەکانیدا ڕاز ئارام وەک پەیامیک بۆ ژنان وتی:پ ەیامی کۆتاییم ئەوەیە خۆتان بە ئازا بزانن و هەستن وەرنە دەرەوەو شەرم مەکەن لە هیچ شتیک، ئازاو لیهاتوو بن، ژن بوون واتە ئازایی و لیهاتوویی، وەرنە بەردەم کامێراکان و کارەکانتان پیشان بدەن، پەیامی داهاتووم پشگیری ژنانەو هیوا خوازین ببن بەخاوەن کارو پیشەی خۆیان.
ئەم تاکە ژنەی میدیاکار لە پێنجوێن، ئێستا تەنها نوێنەری ژنانە لەو بوارەدا، بەڵام هیوادارە ئەم ڕێگایە ببێتە هۆی ئەوەی لە داهاتوودا ژمارەیەکی زیاتر لە ژنان بگەنە ناو میدیاو دەنگی کۆمەڵگە بەهێزتر بکەن.