دووگیانی هەرزەکاران کاریگەری لەسەر کەمخۆراکی منداڵان هەیە

دووگیانی دایکانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی کێشی تەندروستی منداڵان هەیە و هەروەها کاریگەری لەسەر کەمخۆراکی منداڵەکان هەیە.

 ناوەندی هەواڵ

 

پێداچوونەوەیەکی سیستماتیکی و شیکارییەکی مێتا لەلایەن توێژەرانی بەریتانی لە لەندەن پەیوەندییەکانی نێوان دووگیانی دایکانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ و کێشی کەمی منداڵانیان ڕوونکردووەتەوە.

 

شیکارییەکانی مێتا ٥٧ توێژینەوەی لەخۆگرتبوو کە توێژەران زانیارییەکانی منداڵانی تا تەمەنی ٥٩ مانگیان شیکردەوە کە لە دایکانی هەرزەکار لەدایک بوون کە تەمەنیان لە نێوان ١٠ بۆ ١٩ ساڵدایە لە وڵاتانی کەم داهات و مامناوەند.

 

شیکارییەکە ئەوە دەردەخات کە ئەو منداڵانەی لە دایکانی هەرزەکار لەدایک دەبن، مەترسی زیاتریان لەسەرە کە کێشیان کەمتر بێت لە  ئاستی مامناوەند و کەم کێشیان زیاترە بە بەراورد بەو منداڵانەی لە دایکانی پێگەیشتوو لەدایک دەبن، منداڵ بە کەم کێش دادەنرێت ئەگەر لە ٪ ٥ی بۆ کێش بە بەراورد بە باڵا کەمتر بێت و هەروەها کەمتر کێشیان زیاد دەکات.

 

توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن کە دواخستنی دووگیانی هەرزەکاران و باشترکردنی دۆخی خۆراکی هەرزەکاران دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی مەترسی کەمخۆراکی لە منداڵاندا.

 

لە ئەمریکا ڕێژەی دووگیانی هەرزەکاران لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا ڕووی لە دابەزین کردووە، لە ساڵی ٢٠٢١دا ڕێژەی لەدایکبوونی منداڵان لە کچانی تەمەن ١٥ بۆ ١٩ ساڵ لە هەر هەزار ژنێکدا ١٣.٩ منداڵ بووە.

 

دووگیانی هەرزەکاران و منداڵبوون پەیوەندییان بە حاڵەتە تەندروستییە مەترسیدارەکانەوە هەیە، بەپێی ئاماری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دایکانی هەرزەکار ڕووبەڕووی مەترسی زیاتر دەبنەوە کە تووشی ئیکلەمپسیا و هەوکردنی ناوپۆشی منداڵدان و هەوکردنی سیستماتیکی دەبن بە بەراورد بە ژنانی تەمەن ٢٠ بۆ ٢٤ ساڵ، جگە لەوەش ئەو منداڵانەی لە دایکانی هەرزەکارەوە لەدایک دەبن، مەترسی زیاتریان لەسەرە بۆ لەدایکبوونی پێشوەختە و حاڵەتی توندی تازەلەدایکبووان.

 

دووگیانی هەرزەکاران لەوانەیە لێکەوتەی کۆمەڵایەتی و ئابووری درێژخایەنی هەبێت بۆ هەردوو دایک و منداڵەکانیان، تەنها نیوەی دایکانی هەرزەکار تا تەمەنی ٢٢ ساڵی بڕوانامەی ئامادەیی وەردەگرن، بە بەراورد لەگەڵ ٪٩٠ی ئەو ژنانەی کە لە تەمەنی هەرزەکاریدا منداڵیان نابێت.

 

جگە لەوەش ئەو منداڵانەی لە دایکانی هەرزەکار لەدایک دەبن ئەگەری زیاتریان هەیە کە واز لە خوێندنی ئامادەیی بهێنن، ڕووبەڕووی کێشەی تەندروستی زیاتر دەبنەوە.