نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەخنە لە داخستنی کەمپەکانی عێراق بۆ ئاوارەکان دەگرێت

حوکمەتی عێراق بڕیاری داخستنی دواهەمین کەمپی ئاوارەکانی داوە کە گوایە پەیوەندیان بە گروپی چەکداری داعشەوە هەبووە.

ناوەندی هەواڵ

 

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە نیگەرانی خۆی لە داخستنی خێرای کەمپی ئاوارەکان دەربڕی کە زیاتر لە ٣٠٠ خێزانی تێدابوو کە گوایە پەیوەندییان بە گروپی چەکداری داعشەوە هەبووە، هەرچەندە بەشێکی زۆری دانیشتوانی ناو کەمپەکە ژن و منداڵن.

 

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، داخستنی کەمپی ناسراو بە جادە ٥ لە شارۆچکەی قەیارە لە باکووری وڵاتەکە لە ڕۆژی پێشوودا “بەبێ ئاگادارکردنەوە و ئامادەکارییەکی پێویست” ئەنجامدراوە، هەروەها کارمەندانی فریاگوزاری کە بەهەمان شێوە ڕەخنەیان لە داخستنی کەمپەکە گرتووە، دەسەڵاتداران ڕۆژی دووشەممە دانیشتوانی کەمپەکەیان ئاگادار کردووەتەوە کە دەبێت تا ڕۆژی چوارشەممە بڕۆن و کەمپەکە بەجێبهێڵن.

 

سەرەتا وەزارەتی کۆچ و ئاوارە وادەی داخستنی بۆ مانگی ئایار دیاری کردبوو، کەمپی جادە ٥ یەکێک بوو لە دوا کەمپەکانی کە بۆ ئاوارەکان لە عێراق مابووەوە، هەرچەندە تا ئێستاش ١.٢ ملیۆن کەس لە ناوخۆدا ئاوارە بوون دوای چەندین ساڵ لە شەڕ و ململانێکانی ناو عێراق.

 

دانیشتوانی کەمپەکە ڕایانگەیاندووە کە ترسیان لە توندوتیژی لەلایەن میلیشیا و هۆزەکانەوە هەیە ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ شارۆچکە ڕەسەنەکانیان.

 

دەسەڵاتدارانی عێراق لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٠ دەستیان کرد بە داخستنی سەرجەم کەمپەکانی ئاوارەبووان لە سەرتاسەری وڵاتدا، بەو هیوایەی ساڵانێک دوای شکستی داعش هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە کە دواکەوتوون بەرەوپێش ببات.

 

لەو کاتەوە زۆربەی کەمپەکان داخراون، جگە لە کەمپی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان و هەروەها جادە ١ لە قەیارە، کە دەستگیرکراوانی عێراقی کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە و پێشتر لە کەمپی هۆڵی سوریای دراوسێدا تیایدا ڕاگیراون.

 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە جەختی لەوە کردووەتەوە کە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان تا ئەو کاتەی پێویست بێت بەردەوام دەبن لە کارکردن، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە بۆ پاراستنیان پێویستیان بە هاوکاری نێودەوڵەتی هەیە.