زەهرا محەمەدی، لە زیندان دەست بە مانگرتن لە خواردن دەکات

دوای حەوت ڕۆژ لە ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژی مەرگی ژینا ئەمینی، سەرکوتکردن و دەستبەسەرکردنی دڕندانەی خۆپیشاندەران، مامۆستای کورد زەهرا محەمەدی و ژمارەیەک لە زیندانیانی زیندانی سنە مانیان لە خواردن گرت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ ئەیلول، مامۆستای زمانی کوردی زەهرا محەمەدی و ژمارەیەک لە زیندانیانی بەندیخانەی سنە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە هەڵسوکەوتی نەشیاوی بەرپرسانی بەندیخانە لەگەڵ زیندانیان و خوازیاری ئازادکردنی بێ مەرجی خۆپیشاندەرانی چەند ڕۆژی ڕابردوو، دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە زەهرا محەمەدی، مامۆستای زمانی کوردی خەڵکی سنە و بەرپرسی کۆمەڵەی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی نۆژین، لە ساڵی ٢٠١٨ بە تۆمەتی "پێکهێنانی گرووپێک دژی ئاسایشی ئێران" دەستبەسەرکران و  بە ١٠ ساڵ زیندانیکردن سزادرا، بۆ تێپەڕاندنی ئەو حوکمە ناڕەوایەی کە بەسەریدا سەپێندرابوو، زەهرا دەسبەسەرکرا و گواسترایەوە بۆ زیندانی سنە بۆ تەواوکردنی ماوەی سزاکەی.

 

دوای هەڕەشە بەرفراوانەکانی وەزارەتی راگەیاندنی ئێران سەبارەت بە بوونی خەڵک لە ناڕەزایەتییەکان و ئەوەی کە رێوشوێنی یاسایی دەگرێتەبەر، ئەو ناڕەزایەتیانە بەردەوام بوون و لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، خۆپیشاندەران ڕژانە سەر شەقامەکان دژ بە سەرکوتکارییەکانی ڕژێمی ئێران.

 

هه‌روه‌ها زۆرێک له‌ چالاکوانای مه‌ده‌نی، ڕێکخراوه‌ سیاسی و فه‌رهه‌نگییه‌کان داوای به‌شداریی زۆری خه‌ڵکیان له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌کاندا کردووه‌ و ڕایانگه‌یاندووه‌ که‌ تا ڕوخاندنی ڕژێمی ئێران، داخوازییه‌کانیان له‌ ناڕه‌زایه‌تی و گردبوونه‌وه‌ ڕاناگرن.