ڕاپۆرتێک بەڵگەی بەرزبوونەوەی ڕووداوەکانی توندوتیژی سێکسی لە سودان لە دوای سەرهەڵدانی ململانێکانەوە
نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان سەدان ڕووداوی توندوتیژی سێکسی لە سودان بەڵگە کردووە. لە هەمان کاتدا هۆشداریدا کە ژمارە ڕاستەقینەکان زۆر لەوە زیاترن، چونکە ئەم پێشێلکارییانە وەک چەکێکی شەڕ لە ململانێکاندا بەکادەهێنن
ناوەندی هەواڵ
نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی نوێی بڵاوکردەوە و تیشک خستە سەر پەرەسەندنی توندوتیژی سێکسی پەیوەست بە ململانێکان لە سودان لە دوای سەرهەڵدانی شەڕەوە بە توندی و مەترسیدار، ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەو پێشێلکارییانە چیتر ڕووداوی گۆشەگیر نین بەڵکو بەربڵاو و سیستماتیک بوون و کاریگەرییان لەسەر زۆربەی پارێزگاکانی ئەو وڵاتە گرتووە.
ڕاپۆرتە نوێیەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ٢٣ی حوزەیران بڵاوکرایەوە، بەو ئەنجامە دەگات کە توندوتیژی سێکسی پەیوەست بە ململانێ لە سودان لەڕووی بڵاوبوونەوە و دڕندەیی خۆیەوە گەیشتووەتە ئاستێکی بێ وێنە و وەک چەکێکی سیستماتیکی شەڕ بەکارهێنراوە.
ڕاپۆرتەکە کە لەلایەن نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەم توندوتیژییە لە ڕووی جوگرافییەوە بۆ ١٦ پارێزگا لە کۆی ١٨ پارێزگا بڵاوبووەتەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی فراوانبوونی پێشێلکارییەکانە لەگەڵ توندبوونەوەی شەڕەکان.
ڕاپۆرتەکە پشتڕاستی دەکاتەوە، کە توندوتیژی سێکسی وەک ئامرازێک بۆ تیرۆرکردنی خەڵکی مەدەنی و گەیاندنی زەبر و زەنگی دەروونی قووڵ بەسەر زیانەبەرکەوتوان و خێزانەکانیان و کۆمەڵگەکانیاندا بەکارهێنراوە، هۆشداری دەدات لە کاریگەرییە دوور مەودا و درێژخایەنەکانی لەسەر پەیکی کۆمەڵایەتی سودان.
وتەبێژی نووسینگەی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: نووسینگەکە لانیکەم ٥٤٦ ڕووداوی توندوتیژی سێکسی پەیوەست بە ململانێی سودان بەڵگەدار کردووە، کە کاریگەری لەسەر ٨٣٨ زیانبەرکەوتوو هەبووە لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣، هەروەها ئەم ژمارانە ڕەنگدانەوەی ڕادەی ڕاستەقینەی پێشێلکارییەکان نین، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لە زیانبەرکەوتووان خۆیان لە ڕاپۆرتکردن بەدوور دەگرن بەهۆی ترس، چەواشەکاری و نەبوونی پاراستن.
ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرینەی ڕەهای ئەو حاڵەتانەی کە فەرمانگەکە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردووە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەندامانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا و گروپە هاوپەیمانەکان، هەروەها ئەو پێشێلکارییانەی کە لەلایەن سوپای سودان و هێزە ئەمنییەکان و میلیشیاکانی سەر بە سودان ئەنجامدراون، بەڵگەیان لەسەرە، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ فرەیی تاوانباران و پانتایی بەرفراوانی پێشێلکارییەکان.
وتەبێژی فەرمانگەی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، کە نزیکەی چارەکێک لە ڕووداوە بەڵگەدارەکان دەستدرێژی بەکۆمەڵیان تێدایە، لە حاڵەتێکدا، منداڵێکی کچێک لەلایەن دە پیاوەوە دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر، پێشێلکارییەکانی دیکە کە لەگەڵ دەستدرێژی و دەستدرێژی بەکۆمەڵ ئەنجامدراون بریتی بوون لە کۆیلایەتی سێکسی، هاوسەرگیری بەزۆر، ئەشکەنجەدانی سێکسی و بازرگانیکردن بە مەبەستی توندوتیژی سێکسی.
هەروەها ڕاپۆرتەکە کوژرانی لانیکەم ١٣ زیانبەرکەوتووی بەڵگەدار کردووە، ژن، پیاو و منداڵان، کە زۆربەیان لە ئەنجامی دەستدرێژییە دڕندانە بەکۆمەڵییەکان گیانیان لەدەستداوە، بچووکترین زیانبەرکەوتوو تەمەنی نۆ ساڵ بوو، لە ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە،کە زۆرێکیان تووشی ئاڵۆزی پزیشکی جددی بوون کە بەهۆی نەبوونی دامەزراوە تەندروستییەکانی کارا زیاتر بووە، هەروەها لانیکەم ٥٩ ژن و کچ لە ئەنجامی دەستدرێژی سێکسیدا دووگیان بوون یان منداڵیان بووە.
ڕاپۆرتەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە توندوتیژی سێکسی وەک کردەوەیەکی تۆڵەسەندنەوە ئەنجامدراوە لەسەر بنەمای هەستکردن بە پەیوەندی خێڵەکی، جگە لە هێرشەکانی پاڵنەری نەتەوەیی، زۆرێک لە زیانبەرکەوتووانی نەتەوەی مەسالیت لە دارفۆری ڕۆژئاوا ڕایانگەیاندووە، هێرشبەرەکانیان پێش ئەوەی دەستدرێژی بکەنە سەریان، پرسیاریان لەبارەی هۆزەکەیانەوە کردووە.
جەختی لەوە کردەوە، کە ڕەنگە بەشێک لەو کردەوە قێزەونانە تاوانی جەنگ پێکبهێنن و بە تایبەتی لە دارفوردا هۆکاری باوەڕکراو هەیە بۆ ئەوەی هەندێک کردەوەی توندوتیژی سێکسی کە لە چوارچێوەی هێرشی بەرفراوان و سیستماتیکی دژ بە خەڵکی مەدەنی ئەنجام دەدرێن، بە هەمان شێوە بگاتە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.
کۆتایی هێنان بە بێ سزایی
ڕاپۆرتەکە هۆشداری داوە لەوەی کە ئاشتی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی لە سودان مەترسی ئەوە هەیە بۆ ساڵانی داهاتوو تێکبچێت، مەگەر شێوازەکانی توندوتیژی سێکسی پەیوەست بە ململانێ و کاریگەرییەکانیان لە ڕێگەی دادپەروەری، وەڵامدانەوەی زیانبەرکەوتوو-ناوەندی و هەوڵدان بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەواشەکاری و هەڵاواردن چارەسەر نەکرێن.
کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد لێکۆڵینەوەی خێرا و سەربەخۆ و بێلایەنانە بکرێت سەبارەت بە کردەوەکانی توندوتیژی سێکسی کە لە کاتی شەڕەکاندا ئەنجامدراون بۆ دڵنیابوون لە لێپرسینەوە.
ڕوونیکردەوە، کە بەردەوامی بێ سزایی بە ڕوونی زیانەکان توندتر دەکات و خولەکانی پێشێلکارییەکان بەردەوام دەکات، جەختی لەسەر پێویستی لێپرسینەوەی تەواوەتی هەموو تاوانباران کرد، لەوانە ئەوانەی لە پۆستی فەرماندەییدان، دڵنیابوون لەوەی زیانبەرکەوتووان دەستیان بە چارەسەری کاریگەر دەگات، لەنێویاندا قەرەبووکردنەوە، داوای لە لایەنەکانی ململانێ کرد کە ڕێوشوێنی بناغەی و پشتڕاستکراوە بگرنەبەر بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی سێکسی و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دڵنیابن لەوەی دادپەروەری و لێپرسینەوە لە ناوەندی پشتیوانییەکانیدا بۆ ئاگربەست و هەوڵەکانی چارەسەرکردنی ناکۆکی بمێنێتەوە.