ڕاپۆرتێک ١١ حاڵەتی پێشێلکاری دژی ڕۆژنامەنووسان لە ماوەی مانگێکدا لە یەمەن ئاشکرا دەکات

ڕێکخراوی چاودێری ئازادی ڕاگەیاندن لە یەمەن ئاشکرایکرد، لە مانگی کانوونی دووەمدا ١١ حاڵەتی پێشێلکاری دژ بە ئازادی ڕاگەیاندن لە وڵاتەکەدا تۆمارکراوە.

یەمەن

 

ڕێکخراوی چاودێری ئازادی ڕاگەیاندنی یەمەن ڕۆژی سێشەممە ٦ی شوبات ڕایگەیاند، ١١ پێشێلکاری لە مانگی کانوونی دووەمدا بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان هەبووە، کە دەستگیرکردن، هەراسانکردن، هەڕەشە، لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن لە خۆدەگرێت.

 

ئەو حاڵەتانە لە چەند ناوچەیەکی وڵاتەکەدا بڵاوبوونەتەوە، لەگەڵ سێ حاڵەت لە شاری سەنعای ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان و دوو حاڵەت لە شاری عەدەن کە لەژێر کۆنترۆڵی ئەنجومەنی ڕاگوزەردایە، یەک حاڵەتیش لە چەند شارێکی وەک مەئەرەب و شەبوە و تەعز و بەیزاو ئەلمەهرە و حەزەرمەوت تۆمارکراوە.

 

ڕێکخراوەکە  پێنج حاڵەتی پێشێلکاری لە دژی حکومەتی یەمەن تۆمارکردووە، دوو کەیسی دژ بە حوسییەکان، دوو کەیس دژی کەسانی کاریگەر و دوو کەیسی کەسانی نەناسراو، ڕوونیشیکردەوە. لە ناو دیارترین پێشێلکارییەکاندا کە چاودێری کراون، لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی پێنج ڕۆژنامەنووس لە چەند شارێک لە دژی دۆسیەکانی بڵاوکردنەوە هەبووە،

 

ژنانی ڕۆژنامەنووس دەکرێنە ئامانج

ئاماژە بەوەشکراوە، ژنانی ڕۆژنامەنووس بە شێوەیەکی جۆراوجۆرو بە مەبەست دەکرێنە ئامانج، ئەمەش لە حاڵەتی ڕۆژنامەنووس وەفا مەتەریدا ڕوون و ئاشکرایە کە لە دادگای دارایی گشتی لە تەعز (ئەلحەوبان) دادگایی دەکرێت، تۆمەتبارکراوە بەوەی کە ڕێگری لە کارەکەی دەکات، دوای ئەوەی بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لە کارەکەی لە بەشی ڕاگەیاندن دەرکرا.

 

لەم ساڵانەی دواییدا، ڕێکخراوی چاودێری ئازادی ڕاگەیاندنی یەمەنی زیاتر لە دوو هەزارو ٤٠٠  حاڵەتی پێشێلکاریی تۆمارکردووە، لەناویاندا ٥٤ کوشتنی ڕۆژنامەنووس کە دووانیان ژن بوون.