ڕانیە؛ لە سێ ڕۆژدا سێ تریلە هاوکاری و ٥٠ هەزار دۆلار بۆ ڕۆژئاوا کۆکرایەوە

دەستەی ئەنجومەنی گەلی ڕاپەڕین ئاماری کەمپینی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە، کە تێیدا لە ماوەی تەنها سێ ڕۆژدا تواندراوە سێ تریلە پێداویستی جۆراوجۆر و بڕی ٥٠ هەزار دۆلار لەلایەن دانیشتووانی ناوچەکە و ڕەوەندی کوردییەوە کۆبکرێتەوە.

ڕانیە

 

دوێنی  لە ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، دەستەی ئەنجومەنی گەلی ڕاپەڕین و ئەندامانی کەمپینی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامی سێ ڕۆژ لە چالاکییەکانیان بۆ ڕای گشتی خستەڕوو، کە بە ئامانجی پشتیوانیکردنی ڕۆژئاوا لەم دۆخە هەستیارەدا ڕاگەیەنرابوو.

 

لە کۆنگرەکەدا ئەنجومەنی گەلی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، کەمپینەکە پێی ناوەتە سێیەم ڕۆژییەوە و وەک بەشێک لە کەمپینە سەرتاسەرییەکان، لەسەر ئاستی ناوچەی ڕاپەڕین بەڕێوەدەچێت و ئامانجیان پشتیوانیکردنی ڕۆژئاوایە.

 

سەبارەت بە وردەکاریی هاوکارییەکان، بەڕێوەبەرانی کەمپینەکە ئاشکرایان کرد، کە هاوڵاتیان لە بڕی ٢٥٠ دینارەوە تاوەکو بڕە پارەی گەورە بەشدارییان کردووە و تا ئێستا سێ تریلەی گەورە لە "دەرمان، جلوبەرگ، شیری منداڵ و دەیان تۆن برنج و پێداویستی ڕۆژانە" کۆکراوەتەوە.

 

هەر لە ئامارەکەدا هاتووە، ڕەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات بەشێکی کاران لە کەمپینەکە و بڕی ٥٠ هەزار دۆلاریان ناردووە، تەنها لە ڕێگەی "سەنتەری سەلاحەدین" لە ئەمریکا بڕی ٣٣ هەزار دۆلار نێردراوە، کە ئەمەش نیشانەی ئەوەیە گەنجانی کورد لە هەر شوێنێک بن بۆ نیشتمانەکەیان بەردەوامن لە هاوکاری.

 

لە کۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا جەختکرایەوە، کە ئەندامانی کەمپینەکە ڕاستەوخۆ خۆیان لەگەڵ هاوکارییەکان دەچنە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئەوەی کۆمەک و هاوکارییەکانی خەڵکی ڕاپەڕین بەبێ دەستێوەردان بگەیەننە دەستی لێقەوماوان و سەنگەرەکانی بەرگری.