٨ی ئادار بەردەوامەوهێشتا ئامانجەکانی بەدەست نەهاتوون

بۆ ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان چەندین چالاکی جیاواز لە سەرانسەری جیهان ناوچەکانی کوردستان بەڕێوەچوون، وێڕای پیرۆزبایی و جەختکردنەوە لە بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشان، ژنان هێشتا لەناو ملامنێکاندا چاوەڕێن ئامانجەکانیان بەدەستبهێنن.

شیا کۆیی

 

کۆیە- هەرچەندە هەزارەها ڕێکخراوی تایبەت بەژنان لەجیهان هەن، بۆ بەدەستهێنانی مافی ژن و پاراستنی ژنان، بەڵام تا ئێستا ٨ی ئادار، ئامانجەکانی نەهاتۆتەدی و مافی ژنان هەر لە چاوساندنەوەدا بەردەوامە، جا لەبواری کار بێت یان ئابوری و کۆمەڵایەتی تا سیاسیش.

 

هەروەها بۆ ٨ی ئاداری ئەمساڵ هیچ مەڕاسیم و بۆنەیەک لەسنووری شاری کۆیە بەڕێوەنەچوو، ژنانیش هۆکارەکانیان گەڕاندەوە بۆ ئەو ئاڵۆزیانەی کەهەن لەناوچەکە و بەرکەوتنی هەرێمی کوردستان بەشەڕی نێوان وڵاتانی ئێران_ئەمەریکاو ئیسرایل، هیواخوازن ئەوشەڕە زوو کۆتایی پێبێت.

 

چیمەن ڕەفیق، بەرپرسی ناوەندی ژنانی کۆیە لە ڕێکخراوی یەکێتی ژنان بەبۆنەی ٨ی ئادار پیرۆزبایی لەهەموو ژنانی کورد و جیهان کردو وتی: وەک ژنانی لقی کۆیەی یەکێتی ژنان بەبۆنەی ٨ی ئادار، پیرۆزبایی لەهەموو ژنان دەکەین ئەو یادە کە ڕۆژی تێکۆشانی ژنانە بەرز ڕادەگرین، هاوکات پیرۆزبایی ڕاپەرین و نەورۆز لەهەموو ژنانی کوردستان پیرۆزبێت، ئەو یادە بە ئەوڕۆژە دەگەڕێتەوە کە لە ساڵی ١٧٨٧بزوتنەوەی ژنان دەستی پێکردووە، بەردەوام بووە تا ١٩٠٨ کە ڕووداوێک لە نیەویۆرک ڕوویداو کۆمەڵێک ژن داوای مافی خۆیان دەکرد، خاوەن کارگەکە هەموویانی لەناو کارگەکە سووتاند، ئەوانەش بووە هۆی ئەوەی بزووتنەوەی ژنان دەستپێبکات، گەورەترین ڕێپێوان ئەوکات دەستیپێکرد لە شیکاکۆ بوو، پاشان بۆ وڵاتانی دیکەش پەڕیەوە، ئەوەش وایکرد لە ساڵی ١٩٧٣دانی پێدابێنن، و ٨ی مارس دیاری کرا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ٨ی ئادار داواکردنی مافی ژنانە بەڵام ئامانجەکانی بەدی نەهاتوون، ڕاستە ٨ی مارس بەردەوامە، بەڵام ئەو ڕۆژە کراوە بە هێمایەک تا من داوای مافی خۆم بکەم، و ئەو مافەش تا ئێستا بەدی نەهاتووە، لەهەموو جیهان و لە کوردستانیش مافی ژنان پێشێل دەکرێت، جا وەک مامۆستایە یان فەرمانبەر یان کرێکار، حەقی خۆیان نادرێتێ.

 

چیمەن ڕەفیق وتیشی: خۆشبەختانە لە وڵاتی ئێمە ژنو پیاو یەکسانن لە وەرگرتنی موچە بەڵام لەهەندێک وڵات ئەوەش نییە موچەی ژن کەمترە لە ڕەگەزی بەڕامبەر، هۆکار زۆرن بۆ چەوساندنەوەی ژنان وەک خراپی باری ئابوری ژنان و خێزان، تەکنەلوژیاش کنریگەری زۆری هەیە لەسەر توندو تیژیەکان بەرامبەر ژن.

 

 کوشتنی ژنان خەریکە سیستماتیک و جیهانگیری دەکرێت

سەباڕەت بە وەی جیاوازییەک لە نێوان داعش و دۆسیەی ئێپستین نییە، کوشتنی ژنان خەریکە سیستماتیک و جیهانگیری دەکرێت و هەوڵی سەپاندنی بەسەر هەموو لایەک دەدرێت، چیمەن ڕەفیق وتی: ئەو پیاوانەی کە ئەوکارە قێزەونانەیان ئەنجامدا لە ئێپستین، زۆربەی سەرۆکی وڵاتان بوون، گەر ئەوان ئەوکارە بکەن دەبێی گەنجێکی هەرزەکار، چی بکات، کە ئەوانە هەموو پارەو پلەیەکیان لەبەردەستە ئینجا بۆ ئارەزەوی خۆیان منداڵیان بەکارهێناوە، کارێکی قێزەونن چ ئەوان بن یان داعش وگروپە چەکدارەکانی داعش بن جیاوازی نییە، بۆیە وەک لەسەرەتا وتم ئێمە نەگەیشتوین بە ئەنجام، ژنان دەبێتهەوڵی بۆ بدەن و ئەو بزووتنەوەی دەستی پێکردووە ڕەنگە چەندین ساڵی دیکەش بخایەنێت و بەردەوام بێت تا کۆمەڵگە هۆشیار بێت و بگات بەوەی بەرەنگاری شتە ناشیرنەکان ببنەو، . لەکۆتاییدا هیواخوازم ئەو شەڕو ناخۆشییە کۆتایی بێت، هیوای سەرکەوتن بۆ کورد و کوردستان دەخوازم.

 

هاوکات بەشێک ڵە ژنانی ناوەندی کۆیە بەناوەکانی " نازەنین جەبار،  پەیمان بەکر، نێرگز تۆفیق و قومری حەمەد و حەسیبە ئەحمەد" لەباڕەگاکەیان پیرۆزبایی بۆ هەموو ژنان دەنێرن وهیوادارن ناخۆشیەکان کۆتایی بێت و کوردستان نەبێتە ئامانج.