"٥٨%ی نەخۆشخانەکانی سووریا لەکار کەوتوون"
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، لە ئێستادا سووریا پێویستییەکی زۆری بە هاوکاری تەندروستی هەیە و ٥٨%ی نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە بەهۆی نەبوونی پێداویستی پزیشکییەوە لەکارکەوتوون.
ناوەندی هەواڵ
مارگرێت هاریس، وتەبێژی رێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی دۆخی نەخۆشخانەکانی سووریا بڵاوکردەوەو رایگەیاند، سووریا پێویستی بە چەندین پێداویستی سەرەتایی ژیانکردن و تەندروستی هەیە، بەتایبەت لەدوای گەڕانەوەی چەندین ئاوارە بۆ ناوچەکانیان و زیادبوونی خواست لەسەر خۆراک و هاوکاری پزیشکی.
ئاماژەی بەوەشکرد، ٥٨٪ی نەخۆشخانەکانی سووریا لەکارکەوتوون، بەهۆی ئەوەی پێداویستی پزیشکی و دەرمانیان تێدا نییە یان تواناکانیان زۆر سنووردارە، لەئێستادا سیستمی تەندروستی سووریا خراپە و ناتوانێت بەتەواوی بەدەم هاوڵاتیانەوە بچێت، بە هەزاران ئاوارەی ناوچەکانی دیکەش گەڕاونەتەوە سووریا.
لەبارەی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی و پێداویستی پزیشکی بە سووریا لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە هاریس ئەوەی خستە روو، پێویستە پزیشک و کارمەندی تەندروستی گونجاو بۆ سووریا دابین بکرێت، بۆ بەدەمەوە چوونی خەڵک و ئەنجامدانی نەشتەرگەریی و ئەو کارانەی دیکە کە پێویستن.
داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، هەوڵەکانیان یەکبخەن بۆ دووبارە بوونیادنانەوەی کەرتی تەندروستی لەو وڵاتەدا، هەروەها تیمی پزیشکیان بۆ بنێرن لە بوارە جیاوازەکاندا، بۆئەوەی ناوچەکە رووبەڕووی قەیرانی مرۆیی نەبێتەوە.