٥٠٪ی ئاوی هەڵگیراوی عێراق کەمیکردووە

وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق ئاشکرایدەکات کە ٥٠٪ی ئاوی هەڵگیراوی ساڵی رابردوو كەمیكردووە و هۆشداری دەدات لەوەی عیراق هاوینێكی سەختی لەبەردەمدایە.

ناوەندی هەواڵ

عێراق و هەرێمی کوردستان لە کۆمەڵێک قەیرانی سیاسی و ئابوری سەختدایەو گۆڕانی کەشوهەواو و هەروەها سیاسەتی وڵاتانی دراوسێ لەسەر ئاوی عێراق وایکردووە زۆربەی ناوچەکان بەرەو بیابان بوون بڕۆن و ساڵانە لە وەرزی هاویندا گرفتی کەم ئاویی تەواوی پاریزگاکان بگرێتەوە.


لە نوێترین لێدواندا وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ڕایگەیاندوە بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەكانی ئێستا عێراق هاوینێكی سەختی لەبەردەمدایە، چونكە تاوەكو ئێستاش ئەو یەدەگی ئاوەی هەیەتی كەمە.


ئاماژە بەوەشکراوە، لە وەرزی بەهاردا بارانێكی بەرچاو نەباریوە و ئەوەش كاریگەری لەسەر ڕێژەی ئاوی هەڵگیراو دروست كردووە، پێشتریش وەزارەت هاوڵاتیانی لە ئاوی خواردنەوە و بەكارهێنان بۆ پێویستییەكان و كێڵگە كشتوكاڵیەكان دڵنیا كردووەتەوە.


سەبارەت بەبڕی ئاوی هەڵگیراو، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ڕایگەیاندووە ئەوەی ئێستا هەیە ٥٠٪ی ئەو ئاوە هەڵگیراوەیە كە وەرزی رابردوو هەبوو.