٣٦ ڕۆژنامەنووس لەمساڵدا پێشێلکاریان بەرامبەر کراوە
بەپێی ئامارەکانی لە سەنتەری میترۆدا تۆمار کراون لە ماوەی ٤ مانگدا ٣٦ ڕۆژنامەنووس ٤٩ پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە.
ناوەندی هەواڵ
نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان لە شاری سلێمانی بە دروشمی ‘زانیاریی وەك بەرژەوەندییەكی گشتیی’، رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەروەردەو زانست و رۆشنبیری (یونسكو) کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان بە بۆنەی ڕۆژی ئازادی ڕۆژنامەگەرییەوە بەست، لە کۆنگرەکەدا ئاماری تۆمارکراوی پێشێلکارییەکانی چوار مانگی سەرەتای ٢٠٢١ ئاشکرا کرا.
لە کۆنگرەکەدا شنە بابەعەلی لەسەر ناوی سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوەدا ئەو ئامارانە ئاڕاستەی ڕایگشتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن تا ڕێگری بکرێت لە پێشێلکردنی مافی ڕۆژنامەنووسان و یاساکانی ڕۆژنامەوانی سەروەر بکرێن، چاوەڕێش دەکەین لە مانگەکانی داهاتوودا ئامارەکانی پێشێلکاری ڕۆژنامەوانی کەم ببنەوە.
بەپێی ئەو ئامارانەی لە کۆنگرەکەدا ئاشکرا کران، لە ماوەی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٣٦ ڕۆژنامەنووس ٤٩ جار پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە، پێشێلکارییەکانیش بەم شێوەیەن: ڕێگری کردن لە ڕووماڵ ٢٣ حاڵەت، هێرش و هەڕەشە و سوکاییەتیەکان ١٥ حاڵەت، زەوتکردنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی ٦ و دەستبەسەرکردن بەبێ بڕیاری دادگا ٥ حاڵەت تۆمارکراون.
ت.پ