"٣٦%ی منداڵانی کچ، پێش تەمەنی ١٨ ساڵی هاوسەرگیریان کردووە"

بەپێی داتاکانی جیهانی سندوقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ٣٦%ی منداڵانی کچ پێش تەمەنی ١٨ ساڵی و ١٠% پێش تەمەنی ١٥ ساڵی هاوسەرگیرییان کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

سندوقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان "UNFPA" ڕایگەیاندووە، هاوسەرگیری زۆرەملێ لە تەمەنێکی بچووکدا سەرەڕای هەموو یاساکان، بووەتە کێشەیەک لە هەموو جیهاندا، بەپێی ئامارە جیهانییەکان؛ ٣٦%ی منداڵانی کچ پێش تەمەنی ١٨ ساڵی هاوسەرگیریان کردووە، ١٠%ش پیش تەمەنی ١٥ ساڵی.

 

هەروەها لەم ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە کە هاوسەرگیری بەزۆر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە و ئاماژە بەوە کراوە، سەرەڕای هەموو هەموارکردنەوەی یاساکان، ئەم کارە لە هەموو جیهاندا بووەتە کێشە و باس لەوەش کراوە، هاوسەرگیری لە تەمەنی گەنجیدا مەترسی لەسەر ژیانی منداڵانی کچ و تەندروستییان دروست دەکات، هەروەها کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر داهاتوویان.

 

یەکێک لە هۆکارەکانی گیان لەدەستدانە

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە،یەکێک لە هۆکارەکانی گیان لەدەستدان ئەو ئاڵۆزییەیە کە منداڵانی کچ لە کاتی دووگیانیدا تووشی دەبن.

 

لە ڕاگەیەندراوی سندوقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژە بەوە کراوە، بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە هاوسەرگیری زۆرەملێ، پشتگیری لە پەرەپێدانی سیاسەت و بەرنامە و گۆڕانکاری یاسایی دەکەن، هانی وەبەرهێنان دەدەن سەبارەت بە بەهێزکردنی منداڵانی کچ لە ڕووی زیادکردنی تەندروستی، پەروەردە و ئاسایش، لە هەمانکاتدا زانیاری درا کە سەبارەت بەو منداڵانەی کە بە زۆر هاوسەرگیریان کردووە، ئەوان پاڵپشتی پێداویستییەکانی وەک پلاندانانی خێزان و تەندروستی دایک دەکەن.