سنە، درێژەی ڕاپەڕین و تەقەکردن لە خۆپیشاندەران

هێزە ئەمنییەکانی شاری سنە بە تەقەکردن خۆپیشاندەران دەکەنە ئامانج و بەشێک لە سەرچاوەکان باس لە کوژرانی گەنجێکی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ دەکەن.

سنە

ئەمڕۆ ٨ تشرینی یەکەم دوای بانگەوازی سەرتاسەری، خەڵکی سنە جارێکی دیکە مانیانگرت و ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانیان دەربڕی.

 

لە ٢٢هەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانی سنە، بە گوڕێکی زیاتر لە ڕۆژانی ڕابردوو و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان، خەڵک ناڕەزاییەتی خۆیان هێنایە سەر شەقامەکان.

 

ئەمجارەیان مانگرتنە سەرتاسەرییەکان لەگەڵ ناڕەزایەتیدا بوون و زۆربەی شەقامەکانی شاری سنە لەوانە: گۆڕەپانی ئازادی، سێرا شەریف ئاباد، شەقامی حەسەن ئاباد، تاج، سەفاری، فایز ئاباد، پڕ بوون لە خەڵک.

 

ژنان و پیاوان پێکەوە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی و مەرگ بۆ دیکتاتۆر"یان دەوتەوە، دەنگی هۆڕنی ئۆتۆمبێل لە هەموو شارەکەدا دەبیسترا وەک نیشانەی ناڕەزایەتی بەرامبەر دەسەڵات.

 

خەڵک بە ورەیەکی زیاترەوە لەگەڵ بریکارەکاندا دەچوونە شەڕەوە، وە بە گازی فرمێسکڕێژ و تەقاندنی فیشەکی جەنگ هێرشیان کردە سەر خەڵک.

 

هەواڵەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کوڕێکی گەنج لە ڕێگای شەریف ئاباد بە فیشەک بەرکەوتووە و چارەنووسی نادیارە و زانیاری لەسەر دۆخی نیە، هەندێک لە شایەتحاڵەکان باس لەوەدەکەن کە گیانی لەدەستدابێت.