٣٠ ڕێکخراو و کەسایەتی داڵدەدانی ئەنجامدەرانی تاوانی جینۆساید شەرمەزار دەكەن

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پەدەکە لە کاتی بانگەشەی حیزبەکەی بۆ هەڵبژاردن دانی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان بووەتە مۆڵگای پاراستنی تاوانبارانی جینۆساید لە عێراق، ٣٠ ڕیکخراو و کەسایەتیش شەرمەزاری داڵدەدانی ئەو تاوانبارانە دەکەن و داوادەکەن کە ڕاپێچی دادگا بکرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، كاكەمین نەجاڕ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پەدەکە، ئاماژەی بەوەدا "ئەو خەڵكەی پێشتر ئەنفالی دەكردین و تەعریبی دەكردین و دایك و خوشكیان ئەنفال كردین، كە هاتنە كوردستان بۆچوونیان گۆڕا، زۆربەی ئەوانەی قیادەی ئەو نەهامەتیانەی سەر كوردیان دەكرد ئێستا لە هەولێرن"، ئەمە ناڕەزایەتی هاوڵاتی لێکەوتەوە و ٣٠ ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوان و کەسایەتی داوا دەکەن ئەنفالچییەکان دادگا بکرێن نەک داڵدە بدرێن.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکرا کە، دوێنێ ٢٢/٩/٢٠٢١ لەسەر زاری ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ناوی (كاكەمین نەجار)، بۆ یەكەم جار راشكاوانە ئاشكرا كرا كە كوردستان بۆتە مۆڵگای پاراستنی تاوانبارانی جینۆساید لە عێراق، بەوەی ئێستا ئەو تاوانبارانە لە كوردستان دەژین‌و داڵدەدراون گوایە پەشیمانن لەوەی بەشداربوون لە ئەنجامدانی تاوانەكانی جینۆساید بەرامبەر بە گەلەكەمان، لەوانە تاوانەكانی (ئەنفال‌و هەڵەبجە)، لەكاتێكدا زۆریان وەك تاوانبار لە دادگاكان ناویان هاتۆتەوە و سزای خۆیان وەرنەگرتووە، بە فەرمیش دانیان بە تاوانەكانیان نەناوە و داوای لێبوردنیشیان نەكردووە.

 

ئەوەی كاكە مین نەجاڕ ئاشكرای كرد، ٣٠ ساڵە لە كوردستان جێ بەجێدەكرێت لەژێر ناوی لێبوردنی بەرەی كوردستانی‌و ئاشتەواییدا، وەلێ نەجار بە ئاشكرا دەریبڕی‌و لەكاتێكدا تاوانبارانی تاوانی جینۆسایدو تاوانی جەنگ‌و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی هیچ لێبوردنێك نایانگرێتەوە، ئەوانە تاوانی زەق‌و گەورەیان ئەنجامداوە.

 

تاوانبارانی جینۆسایدی گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان داڵدەدراون

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەم دانپێدانانە راستەوخۆیە بەڵگەی ئەوەیە، نەك بە تەنها جاش‌و موستەشارەكان لە هەرێمی كوردستان داڵدەدراون، بەڵكو دانپێدانانێكی راستەوخۆیە بەوەی كە سەرانی ڕژێمی پێشوو لە تاوانبارانی تاوانەكانی جینۆساید گەلی كورد لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان دەژین ‌و داڵدەراون، وەك بینیمان لە ماوەی رابردوودا عزەت دوری ‌و ئەرشەد زێباری لە كوردستان مردن‌و مەلا عوزێریش گەورەترین پرسەی حیزبی بۆ داندرا، كە هەموو سوكایەتیبوون بە رابردوو و ئێستامان.

 

وەك ڕێکخراوكانی بواری جینۆسایدی گەلی كورد، ئیدانەی داڵدەدان ‌و دادگایی نەكردنی تاوانبارای جینۆساید و ئەو جۆرە لێدوان‌و پاڕانەوەو بەرگرییە لە تاوانباران دەكەن، هاتبووش: كە زۆر بێباكانە بە ناوی (پەشیمانبوونەوەی ئەو تاوانبارانە) لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بە شانازییەوە دەفروشرێتەوە. لەكاتێكدا لە یاسای بەركار و رێككەوتنە نێودەوڵەتیەكان، شتێك نییە بۆ پەشیمانبوونەوە و تاوانبار دەبێت بە سزای یاسایی خۆی بگات، نەك ئەوەش بەڵكو داكۆكی‌و پاڕانەوە لە تاوانباران، جۆرێكە لە تاوان‌و لە زۆر وڵات سزای بۆ داندراوە.

 

بەشدارانی ڕاگەیەندراوەکە داوایان کرد هاوڵاتیان بە ئەركی خۆیان هەڵبستن‌و چیتر رێگە بەو جۆرە سوكایەتییە بە یاساو قوربانیانی جینۆساید نەدەن‌و تاوانباران‌و داكۆكیكاران لە تاوانبارانی تاوانانی جینۆسایدی گەلی كورد راپێچی دادگا بكەن، هەرچەندە لە رابردوودا سكاڵای ئێمەی وەرنەگرتووە دژ بە تاوانبارانی ئەنفال.

 

١/ كۆمەڵەی داكۆكی لە پرسی ئەنفال

٢/ ڕێکخراوی گەشە پێدانی مافی مرۆڤ

٣/ ڕێکخراوی كوردستان بێ جینۆساید-kwg

٤/ ڕێکخراوی ئەنفالەكانی كوردستان

٥/ تۆڕی ڕێکخراوە كوردستانیییەكان بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی- koncicc

٦/ ڕێکخراوی چیرۆكەكانی ئەنفال

٧/ ڕێکخراوی هەڵمەتی دادپەروەری ojc-

٨/ عەلی بەندی نووسەرو لێكۆڵەر لە بواری ئەنفال

٩/ ئیبراهیم هەورامانی نووسەر و لێكۆڵەر لە بواری دۆزی هەڵەبجە

١٠/ گروپی كار بۆ ئەنفال

١١/ عارف قوربانی نووسەرو لێكۆڵەر لەبواری ئەنفال

١٢/ مەلا شاخی نووسەرو رۆژنامەنووس

١٣/ لەتیف فاتیح فەرەج نووسەرو لێكۆڵەر لە بواری ئەنفال

١٤/ هیوا سەید سەلیم نووسەرو كوڕی شەهید

١٥/ عادیل حاجی محەمەد ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان‌و دەستەی دامەزرێنەری كۆمەڵەی داكۆكی لە ئەنفالكراوان

١٦/ دكتۆر فاتیح سەنگاوی نووسەرو توێژەر لەبواری پرسی ئەنفال

١٧/ ڕێکخراوی چاودێری كوردۆساید-چاك كوردستان

١٨/ هێمن حەسیب چالاكوانی بواری جینۆساید

١٩/ تۆڕی ئایكان كوردستان-ikn

٢٠/ ڕێکخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردست

٢١/ ڕێکخراوی جیهانێكی بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی-www

٢٢/ هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان

٢٣/ ڕێکخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان

٢٤/ ڕێکخراوی دادپەروەری و ئاشتی جیهانی بۆ مافەكانی مرۆڤ

٢٥/ ڕێکخراوی چواردەی چوار

٢٦/ دەزگای مۆنمێنتی هەڵەبجە لە لاهای

٢٧/ دانا هەڵەبجەیی نووسەرو چالاكوانی بواری دۆسیەی هەڵەبجە

٢٨/ دلێر كەریم نووسەر لە بواری جینۆساید

٢٩/ ڕێکخراوی باران بۆ پرسی ئەنفال و شەهیدان

٣٠/ عەلی مەحمود محەمەد نووسەر و چالاكوان لەبواری جینۆساید

 

ت.پ