٢٣ منداڵ لە باشووری کۆردۆفان بەهۆی بەدخۆراکی و گەمارۆدانی بەردەوام گیانیان لەدەستدا

تۆڕی پزیشکانی سودان بڵاویکردەوە، لە ماوەی یەک مانگدا ٢٣ منداڵ لە شارۆچکەکانی دەلنج و کادوقلی لە پارێزگای کۆردۆفانی باشوور بەهۆی بەدخۆراکی توندەوە گیانیان لەدەستداوە.

سودان

 

هەزاران هاوڵاتی مەدەنی لە شارۆچکەی کادوقلی سەر بە پارێزگای کۆردۆفانی باشوور ڕووبەڕووی مەترسی زیاتر بۆسەر ژیانیان دەبنەوە، ئەویش بەهۆی پچڕانی هاوکارییەکان، چونکە ئەو گەمارۆیەی کە سەپێنراوە بەسەر شارۆچکەکەدا ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی خۆراک و دەرمان دەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە هۆشداریی هەیە لەبارەی ڕوودانی کارەساتێکی مرۆیی نزیک ئەگەر دۆخەکە وەک خۆی بەردەوام بێت.

 

تۆڕی پزیشکانی سودان لە بەیاننامەیەکدا کە ٢١ی تشرینی دووەم بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە: تیمە مەیدانییەکانیان بەڵگەنامەیان لەسەر مردنی ٢٣ منداڵ لە نێوان ٢٠ی تشرینی یەکەم تا ٢٠ی تشرینی دووەم لە شارۆچکەکانی دەلنج و کادوقلی لە پارێزگای کۆردۆفانی باشوورتۆمارکردووە، ئەویش لە ئەنجامی بەدخۆراکی توند و کەمی پێداویستییە سەرەتاییەکان، بەهۆی ئەو گەمارۆیەیی کە بەسەر شارۆچکەکەدا سەپێندراوە کە ڕێگری دەکات لە چوونە ژوورەوەی خۆراک و دەرمان، هەروەها هۆکارە بۆ لەناوبردنی ژیانی هەزاران منداڵ و هاوڵاتی مەدەنی.

 

تۆڕەکە جەختی لەوە کردەوە، مردنەکان نوێنەرایەتی زەنگێکی هۆشداری ڕاستەقینە دەکەن کە تیشک دەخاتە سەر قەبارەی پەرەسەندنی کارەساتی مرۆیی لە پارێزگاکەدا، هەروەها شەرمەزاری بەردەوامی ئەو گەمارۆدانەی کرد کە بووەتە هۆی داڕمانی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و پەکخستنی گەیاندنی هاوکارییەکان، بە پێشێلکردنی ڕوونی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و مافەکانی منداڵان بۆ مانەوە و پاراستنی منداڵانی زانی.

 

تۆڕی پزیشکانی سودان داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کرد کە ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر بۆ کردنەوەی ڕێڕەوی سەلامەت و پێشکەشکردنی هاوکاری بەپەلە، ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەگەرڕێوشوێنی بەپەلە نەگیرێتەبەر بۆ هەڵگرتنی گەمارۆ و دەستەبەرکردنی ڕۆیشتنی خۆراک و دەرمان، ئەوا ئەم کارەساتە لەناوچەکانی دیکەی سۆدان دەبێتە ڕاستی، بۆیە ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت ئەوا ڕەنگە کارەساتی تەندروستی گەورەی لێبکەوێتەوە.

 

لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێ لە سودان لە نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سودان لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣، منداڵان و خێزانەکانیان ڕووبەڕووی بارودۆخێکی کارەساتباربوونەتەوە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پشتیوانی خێرادان، کە ماف و سەلامەتییان بە شێوەیەکی جددی پێشێل دەکرێت.

 

پارێزگای کۆردۆفان لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا شایەتی هەڵکشانی سەربازی بەرفراوان بوو، لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕە توندەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، کە هاوکات بوو لەگەڵ پێشڕەوییەکی گەورەی هێزە چەکدارەکان لە چەند بەرەیەک لە پارێزگای کۆردۆفانی باکوور.