٢٣ کوژراو و قەیرانی برسێتی لە باکووری کۆردۆفان و کەمپی کالمە لە سودان

بەپێی سەرچاوە میدیاییەکان، لە هەڵکشانی نوێی شەڕ و پێکدادانەکانی بەردەوام لە سودان، لانیکەم٢٣ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون، دوای هێرشە پچڕپچڕەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ سەر گوندەکانی دەوروبەری شارۆچکەی ئەلعەبیاد لە ویلایەتی کۆردۆفانی باکوور.

ناوەندی هەواڵ- لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٣ەوە ململانێکانی سودان توندتر بووە و بووەتە هۆی وێرانکردنی بەربڵاوی ژێرخانی وڵات و کوژرانی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و بڵاوبوونەوەی برسێتی بەتایبەت لە کەمپەکانی پەنابەران.

هێزەکانی پشتیوانی خێرا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی حوزەیران هێرشیان کردە سەر گوندەکانی دەوروبەری شارۆچکەی ئەلعەبیاد لە باکووری کۆردۆفان و لانیکەم ٢٣ هاوڵاتی مەدەنی کوژران و دەیان کەسیش بریندار بوون. ئەو هێزانە ناوچەکانی وەک ئەلدەبیبات، ئەلحەمادی و کازکیلیان کۆنترۆڵکردۆتەوە، هاوکات سوپای سودان بەرەو ناوەندی کۆردۆفانی باکوور پاشەکشەی کردووە.

لە ناوچەی دارفور کە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پشتیوانی خێرادایە، کەمیی خۆراکی توند بووەتە هۆی برسێتی و هاوکارییە مرۆییەکان سنووردارە. منداڵان و ژنانی دووگیان و شیردەر لە کەمپی کاڵما لە دۆخێکی مرۆیی مەترسیداردان و نەبوونی هاوکارییە ژیانییەکان مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات. ماوەی چەند مانگێکە دانیشتوانی کەمپەکە بەهۆی ڕاگرتنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان ڕووبەڕووی کەمی خواردن و دەرمانی توند بوونەتەوە.