دەسەڵاتدارانی هۆڵەندا دوو هەزارو ٤٠٠ چالاکوانی ژینگەیی دەستگیر دەکەن

لە میانەی خۆپیشاندانێکدا لە لاهای کە ڕێگایەکی سەرەکی شارەکەی داخست، کاربەدەستانی هۆڵەندا زیاتر لە دوو هەزارو ٤٠٠ چالاکوانی ژینگەیییان دەستگیرکرد، لەنێویاندا دەیان منداڵ هەن.

 

ناوەندی هەواڵ

 

پۆلیسی هۆڵەندا تۆپی ئاوی بەکارهێنا بۆ بڵاوکردنەوەی هەزاران چالاکوانی ژینگەیی کە ڕۆژی شەممە لەسەر ڕێگایەکی خێرا خۆپیشاندانیان کرد بۆ داواکردنی کۆتاییهێنان بە کۆمەکی حکومەت بۆ پیشەسازی سووتەمەنی بەردینەکان.

 

پۆلیسی لاهای لە بەیاننامەیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی بڵاویکردووەتەوە ڕایگەیاند، چالاکوانانی ژینگەیی ڕۆژی شەممە خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا کە بووە هۆی داخستنی ڕێگای سەرەکی A12 و لە ئەنجامدا زیاتر لە دوو هەزارو ٣٠٠ کەس دەستگیرکران لەنێویاندا دەیان منداڵ هەن.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە خۆپیشاندانەکە بە ناڕەزایەتی دژ بە پشتیوانی حکومەت بۆ کەرتی کانزاکان "ئۆپراسیۆنەکانی دەرهێنانی سووتەمەنی بەردینەکان" دەستیپێکردووە و زیاتر لە ١٠ هەزار کەس بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەدا کردووە و خۆپیشاندەران بەشێکی زۆری ڕێگا خێراکەیان ڕاگرتووە، هەرچەندە دەسەڵاتداران ڕێگرییان لێکردوون لە داخستنی ڕێگاکە کە بە گرنگی و ژیانی شارەکە ناسراوە.

 

چالاکوانان وەڵامی داواکارییە بەردەوامەکانی پۆلیسیان نەدایەوە بۆ گواستنەوە لە ڕێگا خێراکەوە بۆ شوێنێکی دیکە کە ڕێگە بە خۆپیشاندان درا، لە ئەنجامدا پۆلیسی هۆڵەندا تۆپی ئاوی بەکارهێنا بۆ بڵاوکردنەوەی خۆپیشاندەران و دەستگیرکردنەکان دەستیپێکرد.

 

پێشتر ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو کە حکومەتی هۆڵەندا ساڵانە نزیکەی ٣٧ ملیار یۆرۆ خەرج دەکات بۆ پشتگیریکردنی دەرهێنانی سووتەمەنی بەردینەکان.