یادی ٢١ی ئادار لە سلێمانی بە بێ ئاگری "مامە یارە" دەکرێتەوە
لە کاتێکدا گەلی کورد خۆی بۆ پێشوازیکردن لە جەژنی نەورۆزو سەری ساڵی نوێی کوردی ئامادە دەکات، ئەمساڵ گۆڕانکارییەک لە نەریتی چەندین ساڵەی شاری سلێمانیدا ڕوویدا. بەهۆی ئاڵۆزییەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنیی نێوان ناوچەکە. بڕیار درا ئاگر لە مامەیارە نەکرێتەوە.
سلێمانی
جەژنی نەورۆز کە دەکەوێتە ٢١ی ئاداری هەموو ساڵێک، لای کورد تەنها گۆڕانی وەرز و هاتنی بەهار نییە، بەڵکو هێمای ڕزگاری و سەرکەوتنی "کاوەی ئاسنگەر"ە بەسەر "زوحاک"ی ستەمکاردا، لە کوردستان، ئەم یادە بە پۆشینی جلی کوردی، چوونە ناو سروشت و داگیرساندنی ئاگر لە لوتکەی چیاکان و ناو شارەکان پیرۆز دەکرێت، گردی "مامە یارە" لە سلێمانی، یەکێکە لە شوێنە هەرە دێرین و ستراتیژییەکان کە ساڵانە ناوەندی کۆبوونەوەی هەزاران هاوڵاتی بووە بۆ داگیرساندنی مەشخەڵی نەورۆز.
لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، ئامادەکارییەکان لە ناوەڕاستی مانگی ئادارەوە دەستپێدەکەن، بازاڕەکان بە جلی ڕەنگاوڕەنگی کوردی دەڕازێنرێنەوە و مارشە نەتەوەییەکان دەوترێنەوە. لە ڕۆژی ٢٠ لەسەر ٢١ی مانگ، مەراسیمی جەماوەری بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەمساڵ کەشێکی جیاواز باڵی کێشاوە بەسەر ناوچەکەداو ترسی پەرەسەندنی ململانێکان بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان، لایەنە پەیوەندیدارەکان بڕیاریانداوە کۆبوونەوە جەماوەرییە گەورەکان و مەراسیمی ئاگرکردنەوە لە گردی "مامە یارە" ڕابگرن، ئەم بڕیارە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و دوورکەوتنەوە لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراوی ئەمنی دەبینرێت.
هەرچەندە نەکرانەوەی ئاگری مامە یارە بۆ زۆرێک لە دانیشتووانی سلێمانی جێگەی دڵتەنگییە، بەڵام هاوڵاتیان لە ڕێگەی پۆشینی جلی کوردی و گەشتکردن بۆ ناوچە شاخاوییەکان بە شێوەی خێزانی، بەردەوامی بە زیندوو ڕاگرتنی ئەم یادە نەتەوەییە دەدەن. چاوەڕوان دەکرێت زۆربەی یادەکان لەمساڵدا لە ناو ماڵ و گەڕەکەکاندا بە شێوەیەکی سنووردارتر بەڕێوەبچن.
یەڵدا هەڤاڵ، هاوڵاتی وتی: ئەمرۆ بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و جەژنی رەمەزانەوە هاتووین یادی بکەینەوەو پیرۆزی بکەین هەرچەندە ئاگر ناکرێتەوە، بەڵام ئێمە وەک گەنجانی سلێمانی هاتووین نەورۆز پیرۆز بکەین.
شنۆ فەرەیفوون هاوڵاتییەکی تر وتی: ئێمە حەزمان کرد وەک ساڵاتی تر کە چۆن دەهاتین و پیرۆزمان دەکرد بێینە ئێرە و یادی بکەینەوە بەڵام بە هۆی ئەم باردۆخەوە بە فەرمی نەکراو ئێمە بە خێزانی من و هاوژین و منداڵەکانم هاتووین بۆ ئەوەی یادی بکەینەوەو هاوڵاتیان خۆمان یادی دەکەینەوە چونکە ئێرە مەنزڵگەی یادکردنەوەی نەورۆزە، هیوادارم وەک ساڵانی تر ئەم رۆژە یاد بکەنەوە چونکە پیرۆزە.
مەهناس کوردۆ وتی: نەورۆز جەژنێکی کوردەواریە و دەبێت زۆر جوان یادی بکەینەوە و ئاگری نەورۆز بکەینەوە، بە ئامادەبوونمان دووپاتی دەکەینەوە کە هەر کورد بوین و هەر کورد دەبین.