١٩ کەس لە بۆسنە و هەرزەگۆڤینا بەهۆی لافاو گیانیان لەدەستدا

بەهۆی لافاو و زەوی لەرزین لە بۆسنە و هەرزەگۆڤینا لانیکەم ١٩ کەس گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ئەنجامی لافاو بەهۆی بارانی بەخوڕو زەوی لەرزین لە بۆسنە و هەرزەگۆڤینا لانیکەم ١٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسیش بێسەروشوێنن، ڕێگاکانی پەیوەندی لەگەڵ گوند و شارەکانی ئەم وڵاتە ئەوروپییە پچڕاوە و بە پێی وێنە بڵاوکراوەکان زۆرێک لە خانووەکان بە تەواوی ژێرئاو کەوتوون.

 

دەسەڵاتدارانی خۆجێیی بۆسنە و هەرزەگۆڤینا ئاماژەیان بەوەدا، ئۆپەراسیۆنی گەڕان بۆ دۆزینەوەی کەسانی ونبوو و ڕزگارکردنی قوربانیانی دیکە بەردەوامە، هەروەها لانیکەم ١٦ کەس لەڕووداوەکانی پەیوەست بە بارانبارینی بەخوڕ و لافاو لە بەشێک لەم وڵاتەدا گیانیان لەدەستداوە.

 

لە یەکێک لەشارۆچکەکانی  ناوچەی دەوروبەری جابلانیکا، لەسەرڕێگای سەرەکی نێوان شارەکانی مۆستار و سەرایڤۆی پایتەختی بۆسنە و هەرزەگۆڤینا، کە نزیکەی ٧٠ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە دوورە، خانووەکانی ئەم ناوچەیە بە تەواوی لە ئاو و قوڕداژێرئاوکەوتوون.

 

بە وتەی دەسەڵاتە خۆجێیەکان، بەهۆی سەختی ئەو زیانانەی بەر شارە زیانلێکەوتووەکان کەوتووە، سوپا بەشداری لە هەوڵەکانی گەڕان و ڕزگارکردندا دەکات.

 

لافاوەکە تەنها لە بۆسنە و هەرزەگۆڤینا سنوردار نییە و وڵاتی دراوسێی بۆسنە و هەرزەگۆڤینا، مۆنتینیگرۆش بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاوی ڕووبارەکان و لافاوەوە زیانی بەرکەوتووە و ڕیگاکانی پەیوەندی لە  بەشێکی زۆر لە گوند و شارۆچکەکانی پچڕاوە.

 

هەروەها ئاستی ئاوی هەندێک لەڕووبارەکانی کرواتیا بەرز دەبێتەوە و حکومەتی ئەو وڵاتەش ڕایگەیاند، مەترسی لافاو لە هەندێک ناوچەی شارۆچکەی کارلۆڤاکی نزیک ڕووباری کۆپا هەیە.

 

بەشێکی زۆری ناوچەکانی ئەوروپای ناوەڕاست لە مانگی ڕابردوودا بەر لافاو کەوتووە و وڵاتانی پۆڵەندا و کۆماری چیک و ڕۆمانیا خەساری بەڕچاویان بەر کەوتووە.